بزوتنەوەی گۆڕان: راپەرین بۆ دادپەروەی بو کەچی ئێستا زۆرترین و خراپترین نادادی لە داھات و سامانی ئەم وڵاتە دەکرێت
04/03/2021
ڕاگەیەندراوی فەرمی
لەیادی راپەڕیندا، بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت: چاكسازییه‌كی گشتگیر نه‌كرێت، مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکیەکان زیاتر دەبێت و ئایندەی هەرێمی کوردستانیش لە تونێلێکی تاریک‌دا دەبێت.
لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ وە بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: راپەرینی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی بو، کەچی ئێستا دەسەڵات ئازادی زەوت کردوە و ھاوڵاتی لەسەر دەربڕین ئەشکەنجە دەدرێ و زیندانی دەکرێ.
دەقی پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان..
لەیادی راپەڕیندا..
ئه‌مڕۆ (30) ساڵ به‌سه‌ر راپه‌ڕینه مه‌زنه‌كه‌ی خەڵکی كوردستان تێده‌په‌ڕێت، ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی کۆتایی به قۆناغێكی زوڵم و سته‌می داگیركارانه‌ی ئه‌م نیشتمانه هێنا، ئەو رابونە جەماوەرییەی لە ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینه‌وه دەستیپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا شارەکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک ئازاد کران و لە رۆژی نەورۆزدا تاجی سەرکەوتنی لە کەرکوک سەرنا.
به‌داخه‌وه، پێشئەوەی خەڵک پشوییەکی کورت بدات لە سایەی ئازادی و رزگاریدا، دوبه‌ره‌كی ناوخۆ به ماوه‌یه‌كی كه‌م له پاوانخوازیی و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و ناوچه‌یی و حیزبی‌دا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیان به‌ره‌و فیفتی به فیفتی و شه‌ڕی ناوخۆیی برد. پاش ئه‌و هه‌مو كاره‌ساته دڵته‌زێنانه‌ی له‌و شه‌ڕانه‌دا رویاندا، خه‌ڵكی كوردستان مانه‌وه‌ی حیزبی به‌عس و ساوایی ئه‌زمونه‌كه‌یان له‌بەرچاو گرت و كه‌وتنه پشتگیری حكومه‌ته یه‌كگرتوه‌كه، كه به‌داخه‌وه تا ئه‌مڕۆش ماكه‌كانی دو ئیداره‌یی به‌زه‌قی پێوه دیاره و، ژیله‌مۆی ژێر خۆڵه‌مێشی شه‌ڕی براكان رو له گه‌شانه‌وه‌یه.
لەم یادەدا، پێویستە ئەو راستیە بیر ھەموان بھێنینەوە، کە نه‌وشیروان مستەفا بە شایه‌تی نەیارەکانیشی ئە‌ندازیاری ئه‌م روداوه گه‌وره و گرنگه‌ی مێژوی ئێمه‌یه، هه‌ر زو هه‌ستی كرد خه‌ون و ئامانجه‌كانی ئه‌و راپه‌ڕینه به‌لاڕێدا ده‌برێت، له‌و كاته‌وه به رێگای جیاواز، نوسین و كۆڕ و كۆبونه‌وه، فشار و چالاکی سیاسیی له‌هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی باری لاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بو له‌ژێر ده‌ستی شۆڕشگێرانی دوێنێ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆدا.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه، بڕیاری دا واز له‌ده‌سه‌ڵات بهێنێ و به‌جۆرێكی دیكه هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه بدات؛ بۆیه په‌نای برده‌وه به‌ر میدیا و ھاوشانی ھاوڕێکانی و خەڵکی ئازادیخواز لەرێی بزوتنەوەی گۆڕانەوە وەک جوڵانەوەیەکی جه‌ماوه‌ری و بە خەباتی مەدەنیی هه‌وڵی فراوانكردنی بنكه‌ی دیموكراسی دا، تا له‌و رێگه‌یه‌وە كۆی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا له به‌رژه‌وه‌ندی ژیان ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ نیشتیمانه‌كه‌مان كه ئامانجه‌كانی راپه‌ڕینی تێدا بنه‌خشێنرێت.
هاونیشتمانی خۆشەویست...
ئه‌مڕۆ نه‌وه‌یه‌ك له كوردستاندا پێ گه‌یشتوە كه تاڵی و سوێری رژێمی به‌عسی نه‌بینیوه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی بڕستی له‌وان و له ته‌واوی كۆمه‌ڵگا‌كه‌مان بڕیوه نه‌بونی سەروەری یاسا، شه‌فافیه‌ت، عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، بونی مه‌حسوبیه‌ت و گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی، لە کاتێکدا راپەرینی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی بو، کەچی ئێستا دەسەڵات ئازادی زەوت کردوە و ھاوڵاتی لەسەر دەربڕین ئەشکەنجە دەدرێ و زیندانی دەکرێ، راپەرین بۆ رزگاری بو لەستەم و زوڵم و کوشتن، کەچی دەسەڵات خەڵک دەکوژێ تەنھا لەبەرئەوەی لەخۆپیشاندانێکدا داوای مافی رەوای خۆی دەکات.
راپەرین بۆ دادپەروەی بو کەچی ئێستا زۆرترین و خراپترین نادادی لە داھات و سامانی ئەم وڵاتە دەکرێت، راپەڕین بۆ بونیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بو، بۆ بونی قەوارەیەک بو کە یەک سوپای نیشتیمانی و یەک ھێزی ئەمنی و یەک دادگای سەربەخۆ ھەبێ، بەڵام بەداخەوە ھیچکام لە خەونەکانی راپەرین وەکو خۆی بەدینەھاتوە. ھۆکارەکەش رونە، ئەقڵی بەرتەسکی حیزبی و نانیشتمانی، بەرژەوەندی کەسیی حیزبی پێش بەرژەوەندی نیشتیمانی خراوە و دەخرێ .
سەرەڕای خراپی دۆخی ژیان و گوزەران و ئەو هەمو نادادییە، ئێستا لە رێگەی لێشاوێک لە میدیای نابەرپرسیار و ئاڕاستەکراو کار لەسەر شێواندنی دەرونی خەڵکی کوردستان و نانەوەی دوبەرەکی و شەڕێکی نابەرپرسانە دەکرێت، کە سەرلەبەری ئەم هەنگاوانە پێچەوانەی ئامانجەکانی راپەڕین و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانە.
نه‌وشیروان مسته‌فا، ده‌ڵێت "ئێمه راپه‌ڕینمان نه‌كرد تا ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ری عه‌ره‌بی بگۆڕین به ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مگه‌ری كوردی" هه‌ر خۆشی چاره‌سه‌ری ئه‌م قۆناغه‌ی به‌م هاوكێشه ساده ده‌ربڕیوه، كه بریتییه له دیموكراسی راسته‌قینه و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئامرازه‌كه‌شی بریتییه له چاكسازیه‌كی بنه‌ڕه‌تی و ریشه‌یی له كۆی كایه‌كانی كۆمه‌ڵگا و جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا، چونکە به‌دڵنیاییه‌وه چاكسازییه‌كی گشتگیر نه‌كرێت، مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکیەکان زیاتر و ئایندەی هەرێمی کوردستانیش لە تونێلێکی تاریک‌دا دەبێت.
بزوتنەوەی گۆڕان
٥ی ئازاری ٢٠٢١