بەیاننامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی شەنگالدا

11/09/2018

ڕاگەیەندراوی فەرمی

له‌ساڵیادی‌ كۆمه‌ڵكوژیی‌ شه‌نگالدا، فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌
كوردستان هاوخه‌میی‌ بۆ كه‌س و كاری‌ قوربانیانی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ دوپات
ده‌كاته‌وه‌ و پاڵپشتیی‌ خۆشی‌ راده‌گه‌یه‌نێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ژیانی‌
ئاسایی‌ بۆ دانیشتوانی‌ شنگال و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌یان.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا فراكسیۆنی‌ گۆڕان جه‌خت له‌سه‌ر به‌جینۆسایدناساندنی‌
تاوه‌نه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ و داواش له‌ حكومه‌تی‌ عێراق ده‌كات هه‌ماهه‌نگ
بن بۆ به‌جینۆسایدناساندنی‌ ئه‌و تاوانه‌و و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌
كه‌سوكاری‌ قوربانیان.

هه‌روه‌ك داواش ده‌كات ئه‌وانه‌ی‌ به‌رپرسیاربون و كه‌مته‌رخه‌م بون له‌ پارێزگاریكردن له‌ شه‌نگال، سزا بدرێن.

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌: 

لە ساڵرۆژی کۆمەڵکوژیی شەنگالدا، نیگەرانی قوڵی خۆمان دوپاتدەکەینەوە و
هاوخەمی کەسوکاری قوربانیانی ئەو تاوانە و گەلی کوردستانین بەگشتی.

تاوانی داعش بەرانبەر خەڵکی شەنگال برینێکی مێژویی و کۆتایی نەهاتوە لە
یادەوەریی نەتەوەییماندا و بەهەمو شێوەیەک پاڵپشتی گێڕانەوەی ژیانێکی
ئاسایی شایستەین بۆ خەڵکەکەی و ئاوەدانکردنەوی تەواوی ناوچەکە.

ئێمە لەفراکسیۆنی گۆڕان جەخت لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکە و
قەرەبوکردنەوەی ماددی و مەعنەوی شەنگال و خەڵکەکەی دەکەینەوە و بۆ ئەمەش لە
پەرلەمانی کوردستان ئامادەی بەجێگەیاندنی هەمو ئەرکێکین.

داوا لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی عیراقی فیدرال دەکەین
بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئاست ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییەدا جێبەجێبکەن و
هەماهەنگی تەواوبکەن بۆ بەجینۆسایدناسان و هەمو قەرەبوکردنەوەیەک. هەروەک
چۆن رێكخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی دژی تیرۆر بەرپرسیار
دەبینین لە گرتنەبەری هەمو رێکارە یاساییە نێودەوڵەتییەکان و
بەهاناوەهاتنی خەڵکی ناوچەکە و چڕکردنەوەی بەشێکی یارمەتییەکانیان بۆ
چاککردنی ژیان و ئاوەدانی لەو ناوچە کارەساتبارەدا.

بەپێویستی دەزانین ئەو راستییە تاڵە بیر بهێنینەوە کە شەنگال بەرگریی لێ
نەکرا و چۆڵکرا، ئەم روداوە کارەساتەکەی گەورەتر کرد، بۆیە ئەرکی
دامەزراوەکانی سەربازیی لەلایەک و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی بوە، هەمو
رێگاکانی لێپرسینەوە بخەنەڕێ و بەرپرسیاران و ئەوانەی کەمتەرخەمبون
لەپاراستنی شەنگالدا، سزابدرێن، بەڵام تائێستا ئەم کێشەیە بە فەرامۆشکراوی
ماوەتەوە و دەبێت لەوە زیاتر راستییەکان نەشاردرێنەوە و برینی خەڵکی
شەنگال قوڵ نەکرێتەوە.

لەکۆتاییدا سەری رێز و نەوازش لەبەردەم شەهید و قوربانیانی شەنگال و تێکڕای شەهیدانی رێگەی سەرفرازی گەلی کوردستان نەوی دەکەین.

فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
٣/٨/٢٠١٨


هەواڵی زیاتر