بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ساڵیادی کیمیابارانکردنی‌ هەڵەبجە: پێویستە مەراسیمه‌ سیمبولیەكان بگۆڕدرێن بۆ ھەنگاوی کرداری و تەرجومە بکرێن بۆ خزمەتی خەڵک

16/03/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی‌ گۆڕان لەساڵیادی‌ کیمیابارانکردنی‌ هەڵەبجەدا رایدەگەیەنێت؛ ئەرکی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمە کە هەوڵی جدیتر بدەن بۆ ساڕێژکردنی برین و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو مەرگە ساتە، ئەرکی سەرۆک کۆمار و نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کاری رژد بۆ بە پارێزگابونی راستەقینەی شارەکە و قەرەبوکردنەوەی زیان لێکەوتوان بکەن.

دەقی‌ بەیاننامەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بۆ یادی‌ (33) ساڵەی‌ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە
ئەمڕۆ یادی (33) ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە؛ ئەو شارەی بە تاوانی جینۆسایدی رژێمی بەعس لەناو نەچو، بەڵکو بوە رەمزی بەرەنگاری و ھەستانەوە و ناسنامەی نەتەوەیی گەلێکی قوربانیدەر.

هەڵەبجە لەناو نەچو، بەڵام خەم و ئازار و ناسۆری قوربانیانی ئەو کارەساتە تراژیدییە لە کۆنەستی نەتەوەیدا بە زیندویی ماوەتەوە، ھەربۆیە پێویستە یادکردنەوەکانیش لە مەراسیمی سیمبولیەوە بگۆڕدرێت بۆ ھەنگاوی کرداری و تەرجومە بکرێت بۆ خزمەتی خەڵک و کەسوکاری قوربانیان.

لەم یادەدا، ئەرکی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێمە کە هەوڵی جدیتر بدەن بۆ ساڕێژکردنی برین و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو مەرگە ساتە، ئەرکی سەرۆک کۆمار و نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کاری رژد بۆ بە پارێزگابونی راستەقینەی شارەکە و قەرەبوکردنەوەی زیان لێکەوتوان بکەن.

لەناوخۆی ھەرێمی کوردستانیش، ئەرکی حکومەت گەورەترە، بەشێوەیەک پێویست دەکات چاوێکی وردتر بخاتە سەر شارەکە و ئەو ڕاستیە ببینرێت کە (پارێزگا)ی هەڵەبجە تائێستا لە بیناییەک و چەند کارمەندێک تێنەپەڕیوە و خەڵکەکەشی ئومێد بە سەردەمی پێشوتری دەخوازێ کە (قەزا) بو.

لای خۆمانەوە و، لە ساڵڕۆژی ئەم کارەساتە تراژیدییەی گەلەکەمان، جگە لەوەی سەری ڕێز و وەفا بۆ گڵکۆی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەمی شەهیدانی رێگای رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دادەنەوێنین، داواکاریشین هەموان لە ئاست بەرپرسیارێتیدابین لە بەرامبەر ئەم شارە پشتگوێخراو و زامدارە.

بزوتنەوەی گۆڕان
16-3-2021

 


هەواڵی زیاتر