پەیامی پیرۆزبایی بزوتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە

20/03/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

لە پەیامێکدا بەبۆنەی  هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢١) و ساڵیادی ڕاپەڕینی باشوری کوردستانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان پیرۆزبای ئاڕاستەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و کوردانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و، هاونیشتیمانیانی رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باکوری کوردستان و رەوەندی کوردی دەکات.

دەقی پەیامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان

جەژنی نەورۆزتان پیرۆزبێت..

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢١)، پیرۆزبایی گەرم لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و کوردانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان و، هاونیشتیمانیانمان لە رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باکوری کوردستان و رەوەندی کوردی دەکەین.

جەژنی نەورۆز ، بۆنەیەکی گرنگی نەتەوەییە، وانەی بەرگری و پاراستنی خاک و زمان و رەگەزە بنەرەتیەکانی مانەوەی کوردە، بۆنەی بەهێزکردنی روحی بەرەنگاریە بەرامبەر بە جەور و ستەمی داگیرکەران.

لەم بۆنە گرنگ و پیرۆزەدا، کە ھاوکاتە لەگەڵ یادی سەرکەوتنی راپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئازادکردنی شاری کەرکوک،  
بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەسەر بەدیھێنانی ئامانجە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، کە کارکردن و تێکۆشانی بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر بۆ ھاوڵاتیان و پاراستنی ژیان و کەرامەت و ئازادیەکان. لەگەڵ بەھێزکردنەوە و گەشەپێدانی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی لەنێوان ھاوڵاتیان و ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم و دورکەوتنەوە لە ململانێی بیرتەسکی کەسی و حیزبی و میدیایی. ھاوکات پشتگیری سیاسیی و مەعنەوی بۆ خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی تێکۆشانی سەدان ساڵە، پێویستە پارێزگاری لەبون و مانەوەی بکرێت، بەڵام قەوارەی ھەرێم بە سوپایەکی یەکگرتوو ، حکومەتێکی باش و یەکگرتو، دادگایەکی بێ لایەن و پەرلەمانێکی کارا و بازاڕێکی ئازاد و قۆرخ نەکراو، لەگەڵ بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران دەپارێزرێ و بەھێز دەکرێ.

قەوارەی ھەرێم بە ھاوڵاتیەکانی دەپارێزرێ بۆیە دەبێ ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتی سەنتەری بیرکردنەوەی حوکمڕانی بێ لە کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش پەیڕەوکردنی چاکسازی گشتگیر و ھەمەلایەن پێویستیەکی لەپێشینەیی ئەم قۆناغە سیاسیەیە.

لەسەر ئاستی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی بەردەوام ئاراستەی ھەمو ئەو ھاونیشتمانیانە بکەین کە دەنگدەر و پشتیوانی ئەم پڕۆژە سیاسیە بون و دەبن، بە پشتیوانی ئێوە بەرەو ھەڵبژاردنی ناوخۆیی و کۆنفرانسی دوەمی نیشتمانی دەڕۆین، لێرەوە بەرەو چارەسەری کێشەکان و بەھێزکردنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و ئاشتەوایی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ھەنگاو دەنێین.

جارێکی تر، جەژنی نەورۆزتان لێ پیرۆز دەکەین و هیوادارین کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ بەگەشاوەیی لەدڵ و هزرتاندا بمێنتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی ئازاری ٢٠٢١



هەواڵی زیاتر