دلێر عەبدولخالق: خاڵی جەوهەری کارکردنی بزوتنەوەی گۆڕان پرسی حوکمی یاسا و سەروەری یاسایه‌

06/03/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، یەکێک لە کێشە بنچینەییەکانی قەوارەی سیاسی و یاسایی لە هەرێمی کوردستان دەستێوەردانی حزبییە لە کاروباری دادگاکان و سەربەخۆ نەبونی دەسەڵاتی دادوەرییە، دەشڵێت: ئەگەر بمانەوێت دەستکەوتەکان و هەرێم بپارێزین دەبێت رێز لە دامەزراوە شەرعیی و یاساییەکان بگرین.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیداری (پرسی سەروەری یاسا لە هەرێمی کوردستان) رایگەیاند، هەرێم ئێستا لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە چاکسازی ریشەییە، چەند گرنگە ئەو چاکسازییە لە کاروباری سیاسی، ئابوری، دارایی، دارگێڕی رەنگ بداتەوە، هینندەش چاکسازی لە کاروباری یاسایی و دادگاکاندا پێویستە.

وتیشی، ستراتیژی سیاسی و خاڵی جەوهەری کارکردنی بزوتنەوەی گۆڕان پرسی حوکمی یاسا و سەروەری یاساییە.

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند، مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان کەم نین، بەڵام مەترسییە ناوخۆییەکان لە بۆشایی سەروەرنەبونی یاسادا دروست دەبێت کە ئەوەش بێ متمانەیی هاوڵاتییان بە دامودەزگاکا دروست دەکات، پێویستە لە هەرێم ژینگەیەک دروست بکرێت کە دەسەڵاتی یاسادانان سەروەر بێت، دادوەرەکان کە بەناوی گەلەوە بڕیار دەدەن لە ژێر هیچ جۆرە فشارێکی سیاسی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیدا نەبن.

دلێر عەبدولخالق باسی لەوەشکرد، ئێستا و دوای (30) تێپەڕبوون بەسەر راپەریندا، زۆرێک هەن بە شەرمەوە ئەو یادە دەکەنەوە چونکە نەتوانراوە دەستکەوتەکانی راپەرین بپارێزرێت.


هەواڵی زیاتر