بزوتنەوەى گۆڕان و یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان کۆبونەوە

06/04/2021

هەواڵ و چالاکی

بزوتنەوەى گۆڕان و یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان کۆبونەوە و دۆخی سیاسی عێراق و هەرێم و پرسی چاکسازی و هەڵبژاردنەکانیان تاووتوێکرد، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕانیش دەڵێت: " دۆخ و بژێوی خەڵک و پرسی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و بوژاندنەوەی بازاڕ و خێراکردنی پڕۆسەی چاکسازی سیاسی و ئابوری ناوەڕۆکی گفتوگۆکەمان بوو".

ئەمڕۆ سێشەممە (6/4/2021)، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانى، شاندێکی باڵای یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕانەوە پێشوازیان لێکرا.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، هەریەکە لە مستەفا عەبدوڵا وتەبێژی یەکگرتوی ئیسلامی و دلێر عەبدولخالق وتەبیژی بزوتنەوەی گۆڕان ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان بۆ میدیاکان ئاشکراکرد.

مستەفا عەبدوڵا وتەبێژی یەکگرتوى ئیسلامى کوردستان رایگەیاند: لە کۆبونەوەمان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان دۆخى سیاسى هەرێم و پرسى هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا.

وتیشی: "ئێمە و بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندییەکی دور و درێژمان هەیە لە زۆر وێستگەدا هەماهەنگی زۆرمان کردووە بۆ چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، بۆیە پێمان وابوو دەبێت گفتوگۆ بکەین و لەیەکتری نزیک ببینەوە، چونکە هەردوکمان لەو هێزانەین خەبات دەکەین بۆ چاکسازیی و گۆڕانکاری و دژایەتی گەندەڵی.

مستەفا عەبدوڵا باسی لەوەشکرد، بۆ ئەوەی جوڵەی سیاسی لە کوردستان چالاک بێت و خەڵک لە نائومێدی رزگارى بێت و هیوای بۆ بگەڕێتەوە، پێشنیاریان کردووە هەموو ئەو هێزانەی لەگەڵ چاکسازین و دژی گەندەڵین بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەران بە لیستێکی هاوبەش بەشداری بکەن.

هاوکات دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وتی: گفتوگۆیەکی گرنگمان بۆ تاوتوێکردنی دواین پێشهات و پرسە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، دۆخ و بژێوی خەڵک و پرسی سەقامگیری سیاسی و ئابوری و بوژاندنەوەی بازاڕ و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی دیدگای هاوبەش بە مەبەستی خێراکردنی پڕۆسەی چاکسازی سیاسی و ئابوری ناوەڕۆکی گفتوگۆکەمان بوو.

جەختیشی کردەوە، گۆڕان و یەکگرتوو پێشینەیەکی باشیان هەیە لە کاری هاوبەش بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بەدەمەوەچونی داواکارییەکانی خەڵک، بۆیە پێویستە درێژە بەو پڕەنسیپەبدەن کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە.

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ئاشکرایکرد، پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق یەکێکی دیکە بوو لە بابەتە گرنگەکانی ناو کۆبونەوەکە و بژاردەکانی بەردەم کورد و پرسی هاوپەیمانی گفتوگۆی لێوەکراوە، وتیشى: "لەهەموو ئەگەرەکاندا ئێمە لەگەڵ بەشداری سیاسی راستەقینەی کوردین لە بەغدا، لەگەڵ ئەوەین کە پێویستە چ ئەو هێزانەی لەناو حکومەتن و چ ئەو لایەنانەی کە هەست بە بەرپرسیاریتی نیشتیمانی دەکەن بۆچون و پڕۆژەکانیان بەهەند وەربگیرێت".

دلێر عەبدولخالق راشیگەیاند، پێمانوایە پێویستە خەڵکی بە ئومێدەوە لە چاکسازی بڕوانێت و هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە چاکسازییە، ئەو چاکسازییەش بەو هێزە تێکۆشەرانە دەکرێت کە لەناو حکومەت و دەرەوەی حکومەتن و پڕۆژەیان هەیە بۆ چاکسازی.

 

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر