​رێکخەرى گشتى: بەدەنگدان بە گۆڕان تۆڵەى ساختەکارییەکانى پێشو بکەنەوە

24/09/2018

هەواڵ و چالاکی

رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ سوربون لەسەر هەڵوێستە چەسپاوەکان و وەستانەوە بەرامبەر دەسەڵات شکۆیەکى گەورەى بۆ بزوتنەوەى گۆڕان دروستکردوە، دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا بە چونە سەر سندوقەکان و دەنگدان بە لیستى (148)ى گۆڕان تۆڵەى ئەو ساختەکاریە بکەنەوە کە دەسەڵات لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجامیدا.

نیوەڕۆى ئەمڕۆ دوشەممە، عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە قەزاى سۆران لەگەڵ گۆڕانخوازانى سنورەکە کۆبوەوە و ئاماژەى بە رۆڵ و خەباتى بزوتنەوەى گۆڕان کرد لە چەند ساڵى رابردودا و وتى :"بزوتنەوەى گۆڕان خاوەنى خەباتێکى سەخت و تێکۆشانێکى زۆرە، لەو تەمەنە کەمەیدا چوینەتە چەند هەڵبژاردنێکەوە و پشت بەست بە دەنگى گۆڕانخوازان سەرکەوتوانە و سەربەرزانە هاتوینەتە دەرەوە سەربارى ئەو ساختەکارییانەى بەرامبەرمان کراوە".
وتیشى:" لەماوەى رابردودا و ئەوەى بەرامبەرمان کراوە لەلایەن دەسەڵاتەوە لەسەر هەڵوێستى سیاسیمان بوە، چونکە لە سیاسەتدا پرەنسیپ و بەرنامە و بەرژەوەندى هەیە، هەیە دواى بەرژوەندیەکان دەکەوێت و ملکەچ ئەبێت، یان ئەوەتا بەرگرى لە پرەنسیپ و هەڵوێستە سیاسیەکانى خۆى دەکات و ئەوەش باجى خۆى هەیە کە بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەى دوەمیانى هەڵبژاردوە".

هەروەک رونیکردوە؛ سوربونى گۆڕانخوازان و بزوتنەوەکەتان راوەستان بەرامبەر دەسەڵات، شکۆیەکى گەورەى بۆ بزوتنەوەى گۆڕان دروستکردوە و وەک پایەیەک بەرامبەر دەسەڵات وەستاوە.

عومەر سەید عەلى گرنگى بەشداریکردنى خەڵکى کوردستانى لە پرۆسەى هەڵبژاردن دوپاتکردەوە و وتى: "دەبێت لەم هەڵبژاردنەشدا بە بەشدارى کاریگەر، تۆڵەى ساختەکارییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەنەوە و هەمومان بچینە سەر سندوقەکانى دەنگدان، چونکە بە چونە سەر سندوقى دەنگدان بوارى ساختەکارى کەم دەبێتەوە".

سۆران - ئامانج وەرتێ


هەواڵی زیاتر