بزوتنەوەی گۆڕان: بۆشایی گەورە لە رێکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە ھەیە

03/12/2021

ڕاگەیەندراوی فەرمی

‎لە چەند رۆژی رابردودا، جموجۆڵ و پەلاماری تیرۆرستانی داعش زیادی کردوە. لەو پێشھاتە مەترسیدارانەدا، شەوی رابردو لە بناری قەرەچوخ لە سنوری قەزای مەخمور هێرش و پەلاماریان بۆ سه‌ر گوندی خدرجیجە و خه‌ڵكی سڤيل کردوە؛ بەداخەوە بەوھۆیەوە ژماره‌يه‌ك پێشمەرگە و سێ برا لە یەک خێزان شەهید بون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربون.
‎ئەو روداوە نەخوازراوانە ئەو راستیەمان بۆ دەسەلمێنن کە هێشتا بۆشایەکی گەورەمان لەرێکخستنی هێزی پێشمەرگە و بەرگری هەیە. پێویستمان بە خۆرێکخستنەوی هەمەلایەنە لە هێزی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە توانا وەڵامدانەوەی هەڕەشە و پیلان و پەلامارەکانی ھەبێت و سنورێک بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانی داعش دابنرێت.
‎ لەم قۆناغەدا، ئەرکی هەمو هێز و لایەنەکانی کوردستانە بە ھەستکردن بە گیانی بەرپرسیارێتی هەنگاوەکانی چاکسازی ریشەیی و نیشتیمانسازی بەرەو پێش ببەین و، روبەڕووی مەترسی و ھەڕەشەکان ببینەوە کە ببێتە ھۆکاری ئارامی و سەقامگیریی سیاسی. ئەرکی ھەموانە پێکەوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تاریکپەرستان ببینەوە و بە سیاسەتێکی نیشتیمانى و دامەزراوەیی کاربکەین و کێشە و ناکۆکیەکانمان لەگەل حکومەتی عێراق چارەسەر بکەین، لەو رێگەیەشەوە هەرێمەکەمان لە قەیران و پاشاگەردانی و خواست و بەرژەوەندی تایبەتی رزگار بکەین و خەڵکە ستەملێکراوەکەمان کە رۆژانە لە پێناو ھەرێمەکەمان قوربانی دەدەن بپارێزین.
‎ لە کۆتایدا، بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی کارە دڕندەییەکانی تیرۆرستانی داعش دەکەین و، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە خانه‌وادە و کەسوکاری شەهیدان دەکەین، لە ناخەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین خوای گەورە سەبوری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت ھیوایی چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
‎بزوتنەوەی گۆڕان
‎٣ی ١٢ی ٢٠٢١


هەواڵی زیاتر