سایتى (گۆڕان) پلانی راپەڕین بڵاودەکاتەوە کە لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە دانراوە
05/03/2022
هەواڵ و چالاکی
لە
ساڵیادى راپەڕینى خەڵکى کوردستاندا سایتى (گۆڕان) پلانی راپەڕین بڵاودەکاتەوە کە
لەلایەن نەوشیروان مستەفا رێبەرى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد و فەرماندەی گشتی ئەوکاتى
هێزی پێشمەرگەی کوردستان دانراوە
ئەمڕۆ (31)
ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر راپەڕینی ئازاری ساڵی (1991) کە لە رۆژی (5/3) لە رانیەی دەروازەی
راپەڕین دەستیپێکرد و رۆژی (20/3) بە رزگارکردنی کەرکوک تاجی سەرکەوتنی لەسەرکرد.
راپەڕین
بەپێی پلانێکی ورد ئەنجامدرا، نەوشیروان مستەفا ئەمین فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی
کوردستان، ئەندازیار و پلانداڕێژەری راپەڕینەکە بو، کە بە نەخشەیەکی وردەوە، سەرجەم
بەرنامەکانی راپەڕینی داڕشت و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دابەشکردن بەسەر (10) میحوەردا
و هەر میحوەرێک فەرماندەیەکی بۆ دیاریکرد، بۆ ئەوەی بەپێی نەخشەکە بەڕێوەبچێت.
بەپێی
پلانەکە دوای دابەشکردنی هێزەکان، سەعاتی سفر دیاریکرا و بڕیاردرا هەرکات لەلایەن
نەوشیروان مستەفاوە وەک فەرماندە و بەرپرسی یەکەمی هێزی پێشمەرگە، فەرمانی جوڵانی
هێزەکانی درا بۆ دەستگرتن بەسەر شارۆچکە و ئۆردوگانی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە
بەرەو ئەو جێیەی لە هەموانەوە لەپێشترە جوڵە دەکەن.
ئەوکات سەرجەم
هێزەکان لەسەر سنور کۆکرانەوە و رێکخرانەوە و پێویستییەکانیان بۆ دابینکرا و ئەرکەکانیان
دەستنیشانکرا، بۆ دەستگرتن بەسەر شارو شارۆچکە و ئۆردوگاندا بەهاوکاری و هاودەنگی
لەگەڵ رێکخستنە نهێنییەکان و هاوڵاتیان و لایەنگرانی ناو (فەوجەکانی دیفاع وەتەنی
و مەفەرزە خاسە و جەیشی شەعبی و شورتە، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مونەزەمەی حیزبی و بەعس و
دائیرەی ئەمن و ئیستیخبارات و موخابەرات و مەقەڕەکانی دیکە).
پلانی
راپەڕین کە لەلایەن نەوشیروان مستەفا فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەشێوەیەکی
ورد داڕێژراوە و هەرێمی کوردستان دابەشی (10) میحوەر کراوە و هەر میحوەرێک چەند فەرماندەیەکی
بۆ دیاریکراوە، و کات و ساتی دەستپێکردن و شێوازی جوڵان بەوردی دیاریکراوە.