وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان: ئەگەر مەلا بەختیار تۆمەتەکانی نەسەلمێنێت سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین

15/01/2023

ڕاگەیەندراوی فەرمی

وتەبێژى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە چەند بۆنەیەک، بە هۆ و بێ هۆ، مەلا بەختیار، قسەی بێ بنەما؛ لەشێوەی تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندن ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، ئەگەر مەلا بەختیار تۆمەتەکانی نەسەلمێنێت سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین.

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەو وەڵامەدا بۆ مەلا بەختیار، جەخت دەکاتەوە لەوەى بزوتنەوەی گۆڕان نە ملیۆنەری هەیە، نە کۆمپانیای بازرگانی، نە بەرژەوەندی ژێربەژێری بازرگانی.

دەقى وەڵامەکە:
لە چەند بۆنەیەک، بە هۆ و بێ هۆ، مەلا بەختیار، قسەی بێ بنەما؛ لەشێوەی تۆمەت هەڵبەستن و ناوزڕاندن ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات.
ئێمە دەزانین، برینەکانی ناوبراو لەناو یەکێتییە و بە قسەوتن بە گۆڕان تیمار نابێ، بەڵام لەگەڵئەوەشدا، ڕەفتارکردن لە بەرگی ئۆپۆزسیۆنیدا تەنها لەبەرئەوەی لە پەراوێزی بڕیارەکانی حیزبەکەتی، خەڵکی هۆشیاری کودستان لێت وەرناگرێ، بەڵکو پێت دەڵێن کە ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی بوی بۆ ئەو قسانەت نەدەزانی! یان "لە کوێ بای بێت، لەوێ شەن دەکەی"!

ئێمە دوو پرس کە ناوبراو ڕایگەیاندووە، بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە:
1. بزوتنەوەی گۆڕان نە ملیۆنەری هەیە، نە کۆمپانیای بازرگانی، نە بەرژەوەندی ژێربەژێری بازرگانی.
2. گۆڕان هیچ کارئاسانیەکی بۆ دەستکەوتنی پارە لە خاڵە سنورییەکان بۆ نەکراوە.

لەبەرئەوە، مەلا بەختیار لەبەردەم دوو بژاردەیە؛ یان سەلماندنی تۆمەتەکانی بۆ ڕایگشتی، یاخود سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین، ئەوکاتە پێویستە لە دادگا ڕاستی قسەکانی بسەلمێنێ و ئەو خەڵکانە ئاشکرا بکات، کە بەناوی گۆڕانەوە خەریکی ساتوسەودای بازرگانین، ئەگەرنا چیتر ڕێگە بە مەلابەختیار و ئەمسالەکانی نادەین، بێ گومرگ قسە فڕێ بدەنە ئەو ژینگە سیاسییەی وێرانیان کرد.


هەواڵی زیاتر