گۆڕی بێ ناسنامە

25/11/2020

 

ئاشنا عەبدوڵا
ڕێژەی بەرزی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەتایبەت تەشەنەسەندن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەم دیاردەیە لە دوای ڕاپەڕینەوە و هەبوونی (گۆڕستانی بێناسنامەکان) لە شارەکانی کوردستاندا، باس لە ئامادەیی گەورە و بەربڵاوی زەینیەتی پیاوسالاریی و خاوەنداریی پیاو دەکات بۆ ژن لەم کۆمەڵگەیەدا.

ئەم زەینیەتە لە تەواوی پنت و بەشەکانی کۆمەڵگەدا هەر لە خێزانەوە هەتا حیزب و دەسەڵاتی سیاسی، ئامادەیی گەورەی هەیە و ژن بە پێودانگی ئەم زەینیەتە دەخوێنرێتەوە و ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێت.

بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەپلەی یەکەم بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ ئەم زەینیەت و تێڕوانەینەدا و خودی ئەمەش بیرکردنەوە و گفتوگۆیەکی ڕیشەیی لەبارەی مرۆڤ بوون و ژن بوون و پیاوبوونەوە پێویست دەکات و  پرۆسەیەکی درێژمەودایە تا بگات بەوەی وشیارییەکی گشتی و کۆمەڵایەتیی لەسەرەوە بونیادبنرێ.

گەرنا کڵێشە و بۆچوونە باوەکان  توانای چارەسەرکردنی ئەم پرسەیان نییە و بەمانای خولانەوە و مانەوە دێن لە هەمان بازنەی ئەو تێڕوانینەدا کە ڕەوایەتی دەبەخشێ بە سەندنەوەی ماف و توندوتیژی بەرانبەر ژنان و کوشتنیان.

بەڕوونی؛تا ئەوکاتەی تاک ھۆشیار نەبێت و ئیرادەیەکی باش و بڕیاری ئازایانە لە لایەن خودی ژنانەوە نەدرێت و حیزب لە پێناو دەنگداندا تاوانباران و بکوژی ژنان داڵدە بدات و چەک ببەخشێت، کۆتایی بە توندوتیژی نایەت.

ئەرک و واجبە لەسەر شانی پەڕلەمان، ئازادیخوازان، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان،وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەکی هەنوکەیی فشارەکان بۆسەر دەسەڵات زیاتر بکەن بۆ توندکردنەوەی لێپرسینەوەکان و چاوپۆشینەکردن و بەسزاگەیاندنی تاوانباران و هەرکەسێ کە توندوتیژیی بەرانبەر ژنان ئەنجام دەدات.


هەواڵی زیاتر