وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: یەکەی نیشتەجێبونمان بۆ سێ خوشکی بێلانە دابینکردوە

20/01/2021

سەبارەت بە پێدانی شوقە بە خێزانێک لە سلێمانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ڕونکرنەوەیەکی بڵاوردەوەو تێیدا هاتوە؛ لە یەکەکانی کەندەکەوە تەنها دو شوقەی چۆڵ هەبون، یەکێکیان دراوە بە خێزانێکی کەمدەرامەت و شایستە کە خێزانێکی سێ کەسی بون و لە سێ خوشکی بێ لانە پێکهاتبون، لەڕێی ئەنجومەنی پارێزگاوە کە نوێنەرایەتی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دەکات.

رونکردنەوەیەک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنەوە بۆ رایگشتی
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەبارەی دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبون لە شوقەکانی کەندەکەوە لە سلێمانی، لەڕێی ئەم رونکردنەوەیەوە بۆ رایگشتی ئاشکرا دەکەین کە:
شوقەکانی کەندەکەوە کە پێکهاتوە لە (564) یەکە، لە کۆتایی ساڵی (2013)ەوە تەواوکراون و لە ساڵی (2014)دا دابەشکراون، لە سەرەتای ساڵی (2015)شدا گرێبەست بۆ سودمەندبوان کراوە بەپێی ریزبەندی خاڵ و رێنماییەکانی وەزارەت.

لەو یەکانە تەنها دو شوقەی چۆڵ هەبون، یەکێکیان دراوە بە خێزانێکی کەمدەرامەت و شایستە کە خێزانێکی سێ کەسی بون و لە سێ خوشکی بێ لانە پێکهاتبون، لەڕێی ئەنجومەنی پارێزگاوە کە نوێنەرایەتی سەرجەم دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی دەکات داواکەیان بەرزکراوەتەوەو دواتر رەزامەندی لەسەر دراوە. ئەوەی دیکەش بەهەمان شێوە لەچوارچێوەی یاساو رێنماییەکان دراوە بە خێزانێکی کەمدەرامەت و شایستە، کە ئەو دو خێزانە هەمان رێنماییە کارپێکراوەکان دەیانگرێتەوە. ئەم رێکارەش کە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جێبەجێکراوە، کە دەسەڵاتەکەی پاڵپشتە بە رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی (2012) و یاسای ژمارە (16)ی ساڵی (2011) یاسای یەکەمی هەموارکردنی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی (2008)ت یاسای دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبون بۆ هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان-عێراق.

هاوکات بۆ هەموانی ئاشکرا دەکەین، کە لەئێستادا نۆ یەکە لە شوقەکانی کەندەکەوە داگیرکراوە کە کاتی خۆی دراوە بە ژمارەیەک هاوڵاتی کە خانویان هەبوەو شایستە نەبون، بەڵام دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، بەڵام تائێستا چۆڵیان نەکردوە.

هەر لێرەوە وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی کە دەرگای وەزارەتمان بۆ ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان و سەرجەم هاوڵاتیان ئاوەڵایە بۆ دەستکەوتنی هەر زانیاری و بەدواداچونێک سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەت.


هەواڵی زیاتر