دلێر عەبدولخالق: درێژەدان بە ڕێگای گۆڕانکاری بۆ ئێستای هەرێمی کوردستان لە هەموکات گرنگترە

13/02/2021

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت: بزوتنەوەی گۆڕان وزە لە جەماوەرەکەیەوە وەردەگرێت، سیاسەتکردنیشی بە ئامانجی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە و گرنگترین خاڵەکانی بەرنامەی سیاسیشی، چاکسازی و بەگژدا چونەوەی گەندەڵی و سەروەری یاسایە.

لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی ڕووداو دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند: لیژنەی تایبەتمان لە خەڵکانی تایبەتمەند دروستکردوە بۆ ئامادەکاری کۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بڕیاریشە کۆنفڕانسی قەزاکان ببەسترێت و گوێبگیرین بۆ داواکاری خەڵکانی دڵسۆزی بزوتنەوەی گۆڕان.

سەبارەت بە ئامانجی بەشداری و مانەوەی گۆڕان لە حکومەت دلێر عەبدولخالق وتی: بزوتنەوەی گۆڕان هێزێکی سیاسیە و بەرنامەی سیاسی هەیە، گرنگترین خاڵەکانی بەرنامەی سیاسیمان، چاکسازی و بەگژدا چونەوەی گەندەڵی و سەروەری یاسایە، درێژەدان بە ڕێگای گۆڕانکاری بەتایبەت بۆ واقیعی ئێستای هەرێمی کوردستان لە هەموکات گرنگترە، ڕێکەوتنی ئێمە بۆ چونە حکومەت بۆ بێدەنگبونمان نیە.

وتیشی: ئیدارەدانی خراپی ڕابردوی کوردستانە وایکردوە خەڵک ناڕازیبێت لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەرکی ئێمەیە پێداگروو بەردەوامبین لەسەر پرسی چاکسازی، چونکە خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی ژیانێکی شایستەی هەبێت.

تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: ئامادەکاریمان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کردوە و ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی عێراق، ئومێدی گەورەمان بە خەڵکی کوردستان هەیە و بە متمانەی زۆرەوە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، بەرپرسارێتی نیشتیمانی لەسەرشانی سەرجەم لایەنەکانە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و ڕوبەڕوبونەوەی مەترسیە دەرەکیەکان.


هەواڵی زیاتر