ژوری یاسایی گۆڕان؛ پرۆژە یاسایەک بۆ هەمواری چوارەمی یاسای پارێزەرایەتی پێشکەش دەکات

03/04/2021

ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان، پرۆژە یاسایەکی بۆ هەمواری یاسای پارێزەرایەتی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکردوە و پێشکەشی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی دەکات، رێکخەرى ژورى یاسای بزوتنەوەکەش دەڵێت: پرۆژەکە چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی توێژی پارێزەران دەکات و داواکارییەکانیان لە خۆدەگرێت.

چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژورى یاساى بزوتنەوەى گۆڕان بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى راگەیاند: رەشنوسی هەمواری چوارەمی یاسای پارێزەرایەتی (ژمارە 17ى ساڵى 2009) بە هەماهەنگی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکانی دیکە، سەندیكای پارێزەران کار بۆ دەرچواندنی دەکرێت.

وتیشى: لە ماددە سەرەکییەکانی پرۆژە یاساکە کە تایبەتن بە چارەسەرکردنی کێشەی باجی دەرامەتی پارێزەران، پێشنیار كراوە باج لەسەر بنەمای كارو مامەڵە بێت لەرێگەی پولی داراییەوە نەك بە گۆترە، رێژەیەكی دیاریکراو و هەروەها ناچارکردنی هەموو فەرمانگە حکومییەکان و دەزگا ئەمنییە جۆراوجۆرەکان بە ئاسانکاریکردن بۆ کاری پارێزەران و پێدانی تایبەتمەندی بە مامەڵەی پارێزەران وەک توێژێکی گرنگی خێزانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان.

‎دەشڵێت: بەشێکی دیکەی گرنگی پرۆژە هەمواری یاسای پارێزەریی کە لەلایەن ژووری یاساییەوە ئامادەکراوە، جەخت لە جێبەجێکردنی لامەرکەزی و پێدانی دەسەڵات دەکاتەوە بە لقەکانی سەندیکای پارێزەران، تا لقەکان بتوانن مامەڵەکانی پارێزەران رایی بکەن، بەجۆرێک چیتر پارێزەران ناچار نەبن بۆ کارێکی بچوک بچنە سەندیکا لە هەولێر.

چۆمان محەمەد باسى لەوەشکرد، بەشێکی دیکەی پرۆژەکە تایبەتە بە مافەکانی پارێزەران و لایەنی پەیوەندیدار پابەند دەکات تا پارێزەران سودمەند بکات لە وەرگرتنی پارچە زەوی و هەر پێشیەنەیەک کە فەرمانبەران لێی سودمەند دەبن پارێزەرانیش بگرێتەوە.

ئاماژە بەوەشدەکات، لە پرۆژە هەموارەکەدا هەوڵ دراوە کە دەرفەتی کار بۆ پارێزەران زیاتر بکرێت، پرۆژەکە رێوشوێنەکانی بە ئەندامبوون لە سەندیکای پارێزەران و هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەن و سەرۆکی سەندیکا توندوتۆڵ دەکات.


هەواڵی زیاتر