یەکێتی و گۆڕان لەسەر پرسەکانی حکومەت و ھەماھەنگی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆبونەوە

13/06/2021



بە‌ میوانداری بافڵ تاڵە‌بانی ھاوسە‌رۆكی یە‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دە‌باشان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بەکاروباری حکومەتی ھەرێم و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی کۆبونەوە.

لە كۆبونەوەكەدا ھەردولا ھاوڕابون کە کێشە ھەنوکەییەکانی ئەمڕۆی کوردستان و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان پێویستی بە ھەماھەنگی زیاتری ھەردولا ھەیە و پێویستە ھەنگاوی جدی و عەمەلی بنرێ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان. ھەروەھا باس لەدوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق کرا و لە‌سە‌ر بنەماى رەوشی هەنوکەیی پلانی داهاتو بۆ پتەوکردن و رێکخستنەوەى کار و ئەجێنداى یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

هەر لە كۆبونەوەكەدا باس لەرێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان کرا و تيشك خرايە سەر چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەى کەماون و پێویستە جێبەجێ بکرێن كە پە‌یوە‌ستن بەدام و دەزگاکانی حکومەت، هاوکات پێشنیاریش کرا کۆبونەوەکان بەردەوامییان هەبێت بۆ سەرخستنی تەواوی رێکەوتنەکەى نێوان یەکێتی و گۆڕان کە ئەمەش رەنگدانەوەى باشى دەبێت لەسەر هاوپەیمانێتی کوردستان و چۆنێتی چوونە نێو هەڵبژاردنی داهاتوى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.


هەواڵی زیاتر