چۆمان محەمەد: قەبارەى گەندەڵى گەورەیە جوڵەکانى حکومەت بۆ چاکسازى بچوکن

03/07/2021


رێخەرى ژورى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ پاڵنەرى سەرەکى ئێمە بۆ بەشدارى لە حکومەت چاکسازیى ریشەیى بو، دەشڵێت: دڵخۆشنین بە هەنگاوەکانى چاکسازى، چونکە هەنگاوەکانى چاکسازى بە سستى بەڕێوە دەچێت و ئەوەش لەگەڵ خواستى ئێمە نایەتەوە.

چۆمان محەمەد رێکخەرى ژورى یاسایى بزوتنەوەى گۆران، لە بەشداریکردنى لە بەرنامەى ستیۆدیۆ رادیۆى کەناڵى (KNN) دا رایگەیاند: دواى هەڵبژاردنى (2018)ى کوردستان لەگەڵ پارتى رێککەوتنى سیاسیمان واژۆکرد بۆ بەشداریکردن لە کابینەى نۆ، پاڵنەرى ئیمە بۆ بەشدارى بریتى بووە لە چاکسازى ریشەیى لە کۆى سێکتەرەکان هەر بۆیە پرسى چاکسازى بوو بە کارنامەى ئەم کابینەیە.

دەشڵێت: لە راستیدا ئێستاى هەرێم بەشێوەیەکە هیچ سێکتەرێک نەماوە گەندەڵى تێدا نەکرابێت هەر لە نەوت و مەرزەکانەوە تا دەگات بە موچە، بۆیە ئەو قەبارەى گەندەڵیەى لە سێکتەرەکاندا هەیە لە ئاست جوڵەکانى حکومەتدا نیە بۆ چاکسازى و جوڵەکانى حکومەت سنوردارن. ئەوەش لەگەڵ خواست و داواکاریى و پڕۆژەى ئێمە یەکانگیرنیە.

لەبارەى رۆڵى ستافى گۆڕان لە کابینەى نۆدا، چۆمان محەمەد وتى: سەربارى دۆخى دارایى و کۆرۆنا و ململانێى نا تەندروستانەى لایەنەکان، بەڵام وەزیرەکانمان لە حکومەت کەم تا زۆر ئەرکى خۆیان جێبەجێ کردوە و لەو سێکتەرانەى لێى بەرپرسن کارى باشیان ئەنجامداوە، بەڵام وەزیرەکانى ئێمەش بەتەنها ناتوانن روبەڕوى هەموو خواروخێچییەکان ببنەوە.

هەروەک جەختیشى کردەوە، ئەگەر لە رابردودا پاساو هەبوبێت بۆ لێبڕینى موچە بەهۆى کۆرۆنا و کەمبونەوەى داهاتى ناوخۆ و دابەزینى نرخى نەوت، ئێستا هیچ پاساوێک نەماوە بۆ ئەوەى لێبڕینى موچە بەردەوام بێت و پێویستە کۆتایى بە لێبڕین بهێنرێت.


هەواڵی زیاتر