کوێستان محەمەد: هەر وەبەرهێنێک پڕۆژەى نیشتەجێبون دروست بکات دەبێت بەبێ بەرامبەر ژمارەک یەکە بدات بە کەمئەندامان

26/11/2021

وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رایدەگەیەنێت؛ هەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنى خاوەن پێداویستى تایبەت لە سەرجەم سێکتەرەکان بەردەوامە و بەپێى ئەو هەموارەى بۆ یاساکەشیان کردومانە؛ هەر وەبەرهێنێک پڕۆژەى نیشتەجێبون دروست بکات دەبێت بەبێ بەرامبەر ژمارەیەک یەکە بدات بە کەمئەندامان.

کوێستان محەمەد، وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى لە (٢٧)ـەمین ساڵیادى دامەزراندنى کۆمەڵەى کورتەباڵایان رایگەیاند: هەمو توانایەکمان دەخەینە گەڕ بۆ جێبەجێکردنى داواکارى و پێویستییەکانى خاوەن پێداویستەتایبەتەکان و ئەوەش بە ئەرکى خۆمان دەزانین بەرامبەریان.

ئەوەشى خستەڕو لەماوەى رابردودا بەو پەڕى تواناوە کاریان کردوە بۆ وەڵامدانەوەى خواستى خاوەن پێداویستى تایبەت لە لە گرنگترین ئەو کارانە دامەزراندنى سەنتەرى دەستنیشانکردنى پەککەوتەیى کە پەیڕەوەکەى ئامادەکراوە رەوانەى ئەنجومەنى وەزیران کراوە و "بیناشمان بۆ دابینکردوە بۆئەوەى لەو سەنتەرە پشکنینەکان بکرێن و کەمئەندامان ماندو نەکرێن، ئەنجومەنەکەش چەندین بڕیارى گرنگى داوە، لەگەڵ دابینکردنى هەزاران سەبەتە خۆراک و و دابینکردنى چەندین پێداویستى دیکە".

وتیشى: لە هەموى گرنگتر ئەوەى کارمان لەسەر کردوە هەموارى یاساکەیانە، کۆمەڵێک بڕگە و مادەى بۆ زیادکراوە لە بەرژەوەندى خاوەن پێداوێستى تایبەتن لەوانە؛ هەر وەبەرهێنێک پڕۆژەى نیشتەجێبون دروست بکات دەبێت بەبێ بەرامبەر ژمارەیەک یەکە بدات بە کەمئەندامان.


هەواڵی زیاتر