هۆشیار عومەر: بەشداری گۆڕان لە حکومەت دەبێتە هۆی سەقامگیریی

20/02/2019

ئەندامێکی جڤاتی
نیشتیمانی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەشداری گۆڕان لە حکومەت دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی
و دەشڵێت: گۆڕان لەسەر بەرنامە و پرەنسیپی خۆی بڕیار دەدات، نەک بچێتە پاڵ هێزێک
لە دژی هێزێکی دیکە.

هۆشیار عومەر عەلی، ئەندامی
جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (کەی ئێن ئێن)
ئاماژەی بەوەکرد، بەشداری گۆڕان لە حکومەتی داهاتو دەبێتە هۆکاری سەقامگیریی و گۆڕان
دەبێتەوە بە هێزێکی کاریگەر و بەشێکی زۆری گۆڕانکارییەکان و چاکسازییەکان لەسەر
دەستی گۆڕانەوە دەبێت و جگە لەوەش پەرلەمانی کوردستان چاودێر دەبێت بەسەر
جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

ئەو ئەندامی جڤاتی
نیشتیمانی باسی لەوەشکرد، لە رابردودا بە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی حکوم دەکرا، بەڵام
پێویستە حکومەتی ئێستا شەرعییەتی خزمەتگوزاری هەبێت، وتیشی: ئەوەی بەلای گۆڕانەوە
گرنگە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتە نەک پۆست، هەروەها لە هەشت کۆبونەوەی نێوان
گۆڕان و پارتی، شەش کۆبونەوەی تایبەت بوە بە کارنامەی حکومەت.

رونیشیکردەوە، لە
رابردودا گۆڕان باجی پرەنسیپەکانی خۆیداوە و بەردەوامیش بوە لەسەری، هەروەها جەختی
کردوەتەوە لە بە دامەزراوەیی حکومەت و بە نیشتیمانی کردنی هێزە ئەمنییەکان،
بەجۆرێک وەفدە بیانییەکان بە دیاریکراوی ئەمەریکا و ئەڵمانیا بە ئێمەیان
راگەیاندوە کە ئێستا ئەو بەرنامەیەی گۆڕان جێبەجێ دەکەن کە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی
ئامادەکردبو سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە
ئۆپۆزسیۆندا پەرلەمان سەنگەری بەرگریکردن لە خەڵک بوە و لە حکومەتیشدا هەمان
سەنگەریان دەبێت لە پێناو باشکردنی بژێوی و گوزەرانی هاوڵاتیان.

سەبارەت بە تۆمەت و
نیگەرانییەکانی یەکێتی لە رێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و پارتی، هۆشیار عومەر  وتی: رێککەوتنەکەی گۆڕان دژی کەس نییە،
پەیامیشمان بە لایەنەکان داوە کە گۆڕان لەسەر بنەمای بەرنامەکانی بڕیار دەدات و
رێکابەری بۆ حکومەتێکی باش دەکات، ئەمە لەو سۆنگەیەوەیە نەک ئەوەی بچینە پاڵ هێزێک
لە دژی هێزێکی دیکە.

وتیشی: یەکێتی راستگۆ
نەبوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و هەروەها لەسەر دەستی یەکێتی لایەنگرانی گۆڕان
زۆرترین سزا دراون، بەڵام لەماوەی رابردودا لە مافی خۆمان خۆش بوین و رێککەوتنمان
لەسەر حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی کرد، بەڵام رێککەوتنەکەیان جێبەجێ نەکرد،
هەروەها لە رێککەوتنی سیاسی نێوان هەردولاش بە ئامادەبونی نەوشیروان مستەفا و
جەلال تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵ، رێککەوتن کرا، بەڵام جێبەجێیان نەکرد، ئێستاش
پێیان باشە پارتی و یەکێتی بگەنە رێککەوتن و چارەسەر سەبارەت بە حکومەتی داهاتوی
هەرێم.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان جەختی
لەوەکردوە، کە گۆڕان نە مافی کەس دەخوات و نە رێگەدەدات مافی بخۆن و لە حکومەتی
داهاتوشدا بژێوی ژیان و باشکردنی گوزەرانی خەڵک لە پێشینەی کارەکانی گۆڕان دەبێت.


هەواڵی زیاتر