ناوەڕۆکی کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان

17/03/2019

ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی رایدەگەیەنێت؛ ژمارەیەک پێوەر دیاریکراوە بۆ کاندیدەکانی گۆڕان بۆ ئەو پۆستانەی لە حکومەتدا وەریانگرتوە، دەشڵێت: بۆ پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم گۆڕان پڕۆژەی خۆی هەیە.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی، سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی بە (سبەی) راگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا لەسەر دو تەوەر گفتوگۆیان کردوە، تەوەری یەکەم تایبەت بوە بە میکانیزم و پێوەرەکانی دیاریکردنی کاندیدەکانی گۆڕان بۆ پۆستەکانی حکومەت، بە جۆرێک کاندیدەکان لەسەر بنەمای شارەزایی و دڵسۆزیی و پابەندبون بە بەرنامەکانی گۆڕانەوە دیاری دەکرێن.

وتیشی: پڕۆژەی زۆریان بۆ هاتوە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوی گۆڕان و کار لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکەن، جگە لەوەش ئەو کەسانە بۆ پۆستەکان دیاری دەکرێن کە بتوانن زۆرترین خزمەت بە خەڵک و پڕۆژەی گۆڕان بکەن.

بەوتەی عەلی حەمە ساڵح تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەتە بە تاوتوێکردنی پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە بۆچونی گۆڕان لەوبارەیەوە رونە، ئەویش جێگیرکردنی سیستمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمە لە پەرلەمانی کوردستانەوە.

رونی کردەوە؛ گۆڕان بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەی خۆی دەبێت و ئەگەر لە ئێستاشدا دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم یەکلایی نەکرێتەوە، بەڵام لە دەستوردا بە سازان کاردەکەن بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و هەروەها وەک چۆن حکومەت بەرامبەر پەرلەمان بەرپرسیارە، بە هەمان شێوە سەرۆکی هەرێمیش بەرامبەر بە پەرلەمان بەرپرسیار بێت.
لای خۆیشییەوە کاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) راگەیاند؛ لە چەند سەعاتی داهاتودا جڤاتی نیشتیمانی پێوەر و میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ پۆستەکانی گۆڕان لە حکومەتدا یەکلایی دەکاتەوە.


هەواڵی زیاتر