بزوتنەوەى گۆڕان: دەستپێشخەرییەکەمان بۆ یەکلیستى دەستەبەری ماف و بەهێزی پێگەى کوردە لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان

29/07/2023

ئەمڕۆ شەممە (٢٠٢٣/٧/٢٩)، هەردو جڤاتى گشتى و نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان لەسەر پرسى ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانی عێراق بەتایبەت لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، کۆبونەوە.

لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ سایتى فەرمى گۆڕان، دلێر عەبدولخالق وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکان و هەوڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕان، ڕایگەیاند: هەردو جڤات جەختیان لە کارى پێکەوەیی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە ژێر چەترى یەکگوتارى نیشتیمانى کوردستانیى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کردەوە، هەروەک لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان پێویستى بەدەمەوە هاتنى هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دوپات دەکەینەوە، بۆ ئەو دەستپێشخەرییەى بزوتنەوەى گۆڕان کردویەتى بۆ بەشداریکردنى سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لە چوارچێوەى یەکلیستى هاوبەشدا.

ئاماژە بەوەش دەکات؛ لە ئەگەرى دروستنەبوونى ئەو یەکلیستییە و دابەشبوونى کورد بەسەر چەند لیستێکى جیاوازدا، ئۆباڵى هەر پاشەکشەیەکى کورد لەو هەڵبژاردنە چارەنوسسازەدا، کە (18) ساڵە بەتایبەت لە کەرکوک ئەنجام نەدراوە، دەکەوێتە ئەستۆى ئەو لایەنانەى بەرژەوەندى تەسکى حیزبایەتی دەخەنە پێش بەرژەوەندییە نیشتیمانى و نەتەوەییەکان و مەترسى و ئاڵنگارییەکانى بەردەم کورد لە عێراقدا زیاتر دەکەن.


هەواڵی زیاتر