جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە

21/10/2023

بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بۆ دەستەبەرکردنى موچە و شایستە داراییەکان پشتگیرى لە رێککەوتنى هەرێم و بەغداد دەکەین. دەشڵێت: لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن پێویستە حکومەت داواکارى مامۆستایان جێبەجێ بکات و بەزوترین کات لە پارەى بەردەست موچەى مامۆستایان بدرێت، پەیوەست بەدۆخى ناوخۆییش جڤاتی نیشتمانی هەڵوەستەی کرد لەسەر ئەو پڕۆژە و ڕوانین و بۆچونانەی بەشێک لە کارەکتەر و هاوڕێیانی دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی گۆڕان خستویانەتەڕوو، لەو بارەیەوە دروستکردنی ڕوانگەی هاوبەش و تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و بەیەکەوەبڕیاردان بۆ بەهێزکردنەوەی بەرەی گۆڕانکاری کرایە ئەولەویەت.

ئەمڕۆ شەممە، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا و تێیدا، دۆخی سیاسیی و ئیداری هەرێم و عێراق، و گوزەرانی فەرمانبەران و خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان و دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و دوایین قۆناغەکانی خۆڕێکخستنەوە و سەرپێخستنی پرۆسەى ئاشتەوایی. گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

لەبارەى پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغداد، جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان، پشتگیرى لە رێککەوتنى هەولێر و بەغداد دەکات، بەتایبەت کە دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بکرێت.

بەپێى راگەیەنراوى کۆبونەوەکەش، جگە لە پشتیوانی لە داواکاری و دابینکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران، بزوتنەوەى گۆڕان داوا لە حکومەت و وەزارە پەیوەندیدارەکان دەکات، خواست و داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکەن، بەشێوەیەک لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان بکرێت لە پارەیەى لە داهاتى ناوخۆ دەستکەوتووە.

داواش دەکات، لە ڕیزبەندی پێدانی موچەی وەزارەتەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە بخرێتە ڕیزبەندی یەکەم، هەمو ئەم هەنگاوە کرداریانەش لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم کەرتی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمدا.
دەقى راگەیەنراوەکەى بزوتنەوەى گۆڕان:

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە

‎ئەمڕۆ شەممە (٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا.

‎ئەجێندای کۆبونەوەکە، چەند تەوەرێکی لەخۆگرتبو، یەکەم: تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و ئیداری هەرێم و عێراق، بەتایبەت کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و، ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیان و گوزەرانی فەرمانبەران و مامۆستایان و ناوەندەکانی خوێندن، دوەم: خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی کوردستان، سێیەم: دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان و دوایین قۆناغەکانی خۆڕێکخستنەوە و سەرپێخستنی پرۆسەى ئاشتەوایی.

‎پەیوەست بە دوایین پەرەسەندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، کۆبونەوەکە پشتگیری لە ڕێککەوتنی نێوان هەردولا کرد، بەتایبەت کە دەستەبەری شایستە داراییەکانی هەرێم و موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان بکرێت، لەبارەی خۆپیشاندان و چالاکیەکانی مامۆستایانیش، جگە لە پشتیوانی لە داواکاری و دابینکردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران، بە پێویستزانرا حکومەتی هەرێم و وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان خواست و داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ بکەن، بەشێوەیەک لە زووترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردە و مامۆستایان بکرێت لەو داهاتی ناوخۆیەی بەردەستە، هاوکاتیش لە ڕیزبەندی پێدانی موچەی وەزارەتەکان بۆ ئەمساڵی خوێندن وەزارەتی پەروەردە بخرێتە ڕیزبەندی یەکەم، هەمو ئەم هەنگاوە کرداریانەش لەپێناو دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم کەرتی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمدا.

‎لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جڤاتی نیشتیمانی جەختی کردەوە، لە بۆشایی دامەزراوەکانی حکومڕانی و پەرلەماندا، هەڵبژاردن بووەتە پێویستی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم و نوێکردنەوەی ڕەوایەتی و سەقامگیری سیاسیی، لەوچوارچێوەیەدا دوایین هەنگاوە کردارییەکانی لیژنەی باڵای هەڵبژاردن گفتوگۆ و تاوتوێکران.

‎لە کۆتایدا، جڤاتی نیشتمانی هەڵوەستەی کرد لەسەر ئەو پڕۆژە و ڕوانین و بۆچونانەی بەشێک لە کارەکتەر و هاوڕێیانی دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان خستویانەتەڕوو، لەو بارەیەوە دروستکردنی ڕوانگەی هاوبەش و تەواوکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی و بەیەکەوەبڕیاردان بۆ بەهێزکردنەوەی بەرەی گۆڕانکاری کرایە ئەولەویەت، لەسەر ئەو بنەمایەش کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بە کراوەیی هێڵرایەوە بۆ تەواوکردنی ئەرکە ڕێکخراوەییەکان و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی لە ئەمساڵدا و بەیەکەوە کارکردن بەمەبەستی بەخۆداچونەوەی گوتاری سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان و بەهێزکردنی بەرەیەکی سیاسیی، کە وەڵامدەرەوەی پێداویستی و داخوازییە سیاسیەکانی خەڵکی کوردستان بێت.

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
٢١ی ١٠ی ٢٠٢٣


هەواڵی زیاتر