چۆمان محەمەد: پەیوەست بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن هیچ هێزێک ناتوانێت موزایەدە بەسەر گۆڕاندا بکات

02/05/2024

رێکخەرى ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە کە ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن و دواخستنە یەکلەدواى یەکەکانى بەهۆى ململانێ و ناکۆکى یەکێتى و پارتییەوەیە، ئەگەرنا بزوتنەوەى گۆڕان زۆر پێش وادەى دیاریکراو پڕۆژەى بۆ هەموارى یاساى هەڵبژاردن و کۆمیسۆن پێشکەشکرد و ئێستاش لیست و کاندیدى پێشکەشى کۆمیسیۆن کردوە بۆیە هیچ هێزێک ناتوانێت موزایەدەیان بەسەردا بکات.

چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان پەیوەست بە دۆخى سیاسى و پرسى ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان، دەڵێت: لە رابردودا و لە ساڵى (1992)ەوە یەکێتى و پارتى بە ململانێ و رێککەوتن و رێکنەکەوتنیان هۆکاربون بۆئەوەى هیچ کاتێک هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا نەکراوە و ماوەى پەرلەمان حەوت جار درێژکراوەتەوە، لە دوساڵى رابردوشدا بە هەمان شێوە هەر ئەو و حیزبە هۆکاربون بۆ ئەنجامنەدانى هەڵبژاردن لە وادەى خۆیدا.

هەروەک ئاشکراى دەکات؛ گۆڕان دۆخى باشبێت یان نا، لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردنە لە وادەى یاسایی خۆیدا، "ئەوەى لەسەر ئێمەش بوە لە رابردودا و پێش ئەوەى دۆخەکە بگاتە ئەم قۆناغە یەکەم هێزى سیاسى بوین فراکسیۆنەکەمان پڕۆژە یاساى پێشکەشکردوە بۆئەوەى هەڵبژاردن دوانەکەوێت و کۆمیسیۆنى هەرێمى کوردستان پڕۆسەکە بەڕێوە ببات، بەڵام ئەوە لایەنەکانى دیکە بون ئاستەنگیان دروست کرد، ئێستاش کە وادەیەک دیارى کراوە ئەوەى لەسەر گۆڕان بوە رێکارەکانى جێبەجێکردوە و لیست و کاندیدانى پێشکەشى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان کردوە، بۆیە هیچ هێزێک ناتوانێت موزایەدە بەسەر گۆڕاندا بکات لەو روەوە".

رێکخەرى ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوەدەکات؛ دۆخى ناوخۆیی و ئیقلیمى ئەوەندە ئاڵۆز بوە هیچ گرەنتیەک نیە هەڵبژاردن لەو وادەیەى دیاریکراوە یان ئەو وادەیەى کە بۆ دواخستنى باس دەکرێت ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا ئێمە پێمانوایە؛ ئەنجامدانى هەڵبژاردن زۆر پێویستە بۆ پێدانەوەى رەوایەتى و شەرعیەت بە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و بەردەوامى پشتیوانى نێودەوڵەتى بۆ پاراستنى قەوارەى هەرێم، چونکە بەردەوامى ئەم دۆخى ململانێ و دەستبادانەى پارتى و یەکێتى لەسەر چەند کورسییەک دەروازەى مەترسى زیاتر بە روى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە و گریمانەى ئاڵۆزبونى دۆخەکەى لێدەکرێت.


هەواڵی زیاتر