بە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان .. (23)ـهەمین كۆنفڕانسی كەنەكە كۆتایی هات

25/05/2025

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان رایگەیاند: هەریەك لە ئەحمەد قەرەموس و زەینەب موراد، دوبارە بە هاوسەرۆکانی کەنەکە هەڵبژێردرانەوە و میران ساڵح-ش بە نوێنەرایەتیی بزوتنەوەی گۆڕان وەك ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەنەکە هەڵبژێردرا.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (كەنەكە) بڵاوکراوەیەکدا؛ لە دوەم ڕۆژی (23)ـیەمین کۆنفڕانسی کەنەکە، هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی هاوسەرۆکان و ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەریی ئەنجام درا و بەپێی پێوەرەکانی ناوخۆ، ماوەی پۆستی هاوسەرۆکەکان دەتوانرێت دو خول بێت، بەڵام ئەمجارە لەسەر داوای پێشنیازێكی پەسەندکراو بڕیاردراوە هاوسەرۆکەکانی ئێستا بۆ خولێكی دیکەش درێژە بە ئەرکەکانییان بدەن.

کەنەکە رونیكردوەتەوە، هەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، ژمارەی ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری (19) کەسە، بەڵام لە ئەنجامی زیادبونی بەرەکانی تێکۆشانی کەنەکە، پێشنیازێكیان بەکۆی دەنگ پەسەندکردوە بۆ زیادکردنی ژمارەکە بۆ (23) کەس.

هەر لەو کۆنفڕانسەدا، دوای دەنگدان لەسەر ڕێکار و پەیڕەوی ناوخۆ، هەڵبژاردنێك ئەنجامدرا و ئەحمەد قەرەموس و زەینەب موراد جارێکی دیکە وەک هاوسەرۆکانی کەنەکە هەڵبژێردرانەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان وەك حزبێكی باشوری کوردستان، بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا کرد، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی کۆنفڕانسەکەش  فوئاد جەمال سەلام، رێكخەری ژوری رەوەندی کوردی وتاری بزوتنەوەکەی خوێندەوە، لە دوەم رۆژی بەڕێوەچونی کۆنفڕانسەکەش بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی کۆنسەی بەڕێوەبەری، میران ساڵح، بەنوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان وەك ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە هەڵبژێردرا.

تیمی بەشداربوی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفڕانسی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پێكهاتبون لەڕێكخەری ژوری رەوەندی کوردی ژمارەیەك لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەوروپا و ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوان.


هەواڵی زیاتر