نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان: پێویستە پەند لە هەڵەكانی ڕابردوو وەربگرین و بە یەکڕیزی و خوێندنەوەیەکی ورد ڕوداوەکان هەڵسەنگێنین

28/07/2025

لە یادی 102 ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا و لەو کۆبونەوە جەماوەرییەی بە بەشداری ژماریەکی زۆر لە رەوەندی کوردی بەڕێوەچو، نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: پێویستە پەند لە لە مێژوو و ڕوداوەکانی ڕابردوو وەربگرین و هەڵەکان دووبارە نەکەینەوە، یەکڕیزی ناوخۆیی بپارێزین و بە خوێندنەوەیەکی وردی زانستی و واقعی ڕوداوەکان هەڵسەنگێنین، لەو چوارچێوەیەدا پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆدۆزی ڕەوای گەلەکەمان زیاتر بکەین.
شاندی بزوتنەوەی گۆڕان پێکهاتبون لە فوئاد جەمال،  ڕێکخەری ژوری رەوەندی کوردی و هیوا ناسح، ئەندامی ژوری ڕەوەندی کوردی و ڕەفیق عەبدوڵا، بەرپرسی ئەنجومەنی سویسرا و سامان محەمەد، بەرپرسی پەیوەندیەکان لەئەنجومەنی سویسرا و بژوێن ئەحمەد بەرپرسی ژنان.
لەو کۆبونەوەیەدا وتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن فوئاد جەمال، رێکخەری ژوری رەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان خوێندرایەوە و تێێدا ئاماژەی بەوەکرد، پەیماننامەی لۆزان ئامانجی سەربەخۆیی و هێنانەدی مافە سیاسیی و مەدەنیەکانی نەتەوەی کوردی شکستپێهێنا و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ سیاسەتی نکۆڵیکردن لە شوناس و ناسنامەی کوردی ئامادەیی هەیە، کە بە درێژایی ئەو مێژووە دوور و درێژە؛ دەوڵەتە سەردەستەکان بە چەندین فۆرمی جیاوازی ستەمکاری و سەرکوتکاری ڕوبەڕووی نەتەوەکەمان بوونەوە و لە هەوڵی دابەشکردنی جوگرافیا و توانەوەی زمان و کلتورمان بوون.
فوئاد جەمال رونیکردەوە، کە بە بێ یەکێتی نەتەوەیی و ستراتیژێکی نیشتمانی و کۆدەنگی نەتەوەیی، دوبارە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەناو ململانێی و بەرژەوەندی دەوڵەتە زلهێز و هەرێمایەتیەکان لەبەردەم ئاڵنگاری و مەترسیی ڕژد و دژواردایە.
هەروەها جەختی کردەوە لە پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکخستنی توانا و ئیرادەی هێزە سیاسیە کوردیەکان و بەرگری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان و بەهێزکردنی بنەما کولتووری و فەرهەنگیەکان و درێژەدان بە خەباتی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانەکە.
باسی لەوەشکرد، کە پێویستە کورد دوای (102) ساڵ لە پەیمانی لۆزان، کاتی ئەوە هاتوە کە هەموان بە یەکگرتوویی و یەکدەنگی خەباتێکی کوردانە بکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاریگەری پەیمانی لۆزان لەسەرئایندەی کورد و کوردستان و بەدەستهێنانی مافی خۆبەڕێوەبەری لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان و یەکخستنەوەی خاکی کوردستان و هەماهەنگی نێوانیان  و بە واقعی کارکردن بۆ بیناکردنی پایەکانی دەوڵەتی کوردی و قەوارەی سیاسیی کوردستان.
 هەروەها بڕوای پتەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی دوپات کردوە بۆ پەند وەرگرتن لە مێژوو و ڕوداوەکانی ڕابردوو؛ کە پێویستە هەڵەکان دووبارە نەکەینەوە، یەکڕیزی ناوخۆیی بپارێزین و بە خوێندنەوەیەکی وردی زانستی و واقعی ڕوداوەکان هەڵسەنگێنین، لەو چوارچێوەیەدا پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆدۆزی ڕەوای گەلەکەمان زیاتر بکەین و بە هەموومانەوە پشتیوانی دەستکەوتە سیاسیی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریا بکەین.


هەواڵی زیاتر