ژووری ڕەوەندی کوردی؛ جەخت لە پێویستیی بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی دەکاتەوە
22/12/2025
بە مەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ کێشە ناوخۆییەکان، ژووری ڕەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکی وێبناری لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "زووم"ەوە ئەنجامدا.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی فوئاد جەمال، ڕێکخەری ژووری ڕەوەندی کوردی و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوانی تاراوگە بەڕێوەچوو، تێیدا ئامادەبووان بە وردی باسیان لە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پێگەی ئێستای بزوتنەوەکە کرد. تیشکخرایە سەر ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ نزیککردنەوەی ئاڕاستە جیاوازەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ سەرپێی خۆی لەوپەڕی خەمخۆری و پەرۆشییەوە تەوەرێکی سەرەکی و گرنگی گفتوگۆکان، پرسی کۆنفرانسی نیشتمانی بوو.
بەشداربووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی، کە دەبێت لە زووترین کاتدا هەنگاوی کردەیی بنرێت بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانس، بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان و نوێکردنەوەی شەرعییەتی دامەزراوەکانی بزوتنەوەکە.
لە کۆتاییدا، جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە ڕەوەندی کوردی ڕۆڵێکی کاریگەرتر و فراوانتر ببینێت لە پشتیوانیکردنی دۆزی نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لە دەرەوەی وڵات.
هەروەها جەختکرایەوە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان و گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، وەک بەشێک لە ئەرکە سیاسییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەرەوەی هەرێم.