شاندی گۆڕان لەناو پەرلەمانی بەریتانیا: پێویستە رۆڵ بگێڕن دژی ئەو پێشێلكاری و هێرشانەی دەكرێنە سەر كورد لە ڕۆژئاوا

13/01/2026

لە هەنگاوێکی دیپلۆماسی گرنگدا بۆ تاوتوێکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریا، پەرلەمانی بەریتانیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و مرۆیی شاری حەلەب و ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخست كە تێیدا شاندی گۆڕان بەشداربوو، نوێنەرانی گۆڕان داوایانكرد رۆڵ بگێڕن دژی ئەو پێشێلكاری و هێرشانەی دەكرێنە سەر گەلی كورد لە حەڵەب و ڕۆژئاوای كوردستان و بڕیاردرا هەفتەی ئایندە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەسەر ئەو پرسە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت.

کۆبوونەوەکە کە لەلایەن پەرلەمانتار کەیت ئۆسبۆرن میوانداری کرابوو، بە بەشداری ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران (فێریال کلارک و بام بۆرس)، شارەزایانی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی بەڕێوەچوو. تیشک خرایە سەر پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزە کوردییەکان و ئەو چەكدارانەی بەناوی سوپای سوریای عەرەبیەوە هێرشیان كردە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەڵەب. بەشداربوان هۆشدارییاندا لە دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی نوێ بۆ دەیان هەزار مەدەنی ئەو ناوچانە دوای تێکچوونی هاوسەنگییە ئەمنییەکان.

بەشداری شاندی بزووتنەوەی گۆڕان
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان کە پێکهاتبوون لە فوئاد جەمال، ڕێکخەری ژووری ڕەوەندی بزووتنەوەی گۆڕان و فەرهاد مارف، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ژووری ڕەوەند، بەشدارییەکی چالاکانەیان کرد.

لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ژووری ڕەوەند ئاماژەی بەوە کرد کە بەریتانیا وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی لەسەر شانە بۆ پاراستنی گەلی کورد. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە زۆرێک لە چەکدارانی ئەو گروپەی بەناوی سوپاكەوە هێرشیان كردووە  پاشخانی داع.شیان هەیە و پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک تاوانباری جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

هۆشداری لە توندڕەوی و داواکارییەکان
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، کارن ڕۆس دیپلۆماتکاری پێشووی بەریتانیا و دکتۆر محەمەد مستەفا نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە)، باسیان لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی باکووری سوریا کرد ئامادەبووان داوایان کرد بەریتانیا فشارەکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی توندوتیژی گروپە توندڕەوەکان،  دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لەگەڵ دابینکردنی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت.


وەک دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە، پەرلەمانتارانی بەشداربوو ڕایانگەیاند کە هەفتەی داهاتوو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن تاوەکو داوای لێبکەن حکومەت هێزی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی بۆ چارەسەری قەیرانی باکووری سوریا بەکاربهێنێت. هەروەها داوا لە ڕەوەندی کوردی کرا لە ڕێگەی نامەوە پەیوەندی بە پەرلەمانتارانی ناوچەکانی خۆیانەوە بکەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە بکرێتە فشارێکی گشتی لە نێو پەرلەماندا.


هەواڵی زیاتر