ڕاگەیەندراوێک لە جڤاتی نیشتمانییەوە

06/02/2026

 جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید کۆبونەوەو بە بایەخەوە لەسەر پەرەسەندنە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری ئەو پەرەسەندنانە لەسەر کورد گفتوگۆکرا، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی  وادەی بەستنی کۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەکراو  ، پەیامێکی ئاشتی و تەبایی ئاراستەی سەرجەم هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە کرا بۆ نوێکردنەوەی خەباتی سیاسی و تێپەڕاندنی ئاستەنگە یاساییەکان.

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەندراوێک لە جڤاتی نیشتمانییەوە
ئەمڕۆ، پێنجشەممە، کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، جڤاتی نیشتمانی لە مەکۆی سەرەکی بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە بە وردی پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئەرکە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی گفتوگۆ کرد.
لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد مەجید، بە بایەخەوە لەسەر پەرەسەندنە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری ئەو پەرەسەندنانە لەسەر کورد، وەک ئەکتەرێکی کاریگەر و یەکدەنگ هەڵوەستەی کرد و ڕایگەیاند: ئەو مەترسیانەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو، هەمومانی یەکخست و بەیەکەوە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریەکان بوینەوە.
لەو بارەیەوە، جڤاتی نیشتمانی بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە لە هەڵوێستی مەدەنی و نەتەوەیی کوردستانیان لە هەرێم، پارچەکانی دیکە و ڕەوەندی کوردی ڕوانی، کە بە بەشدارییەکی کارایان لە خۆپیشاندانەکان و پشتیوانییەکی گەورەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نیشان دا، بەشێوەیەک ئەم یەکدەنگییە وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی نرخێندرا.
دواتریش لەبارەی دواین بڕیاری فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦، وەک وادەی بەستنی کۆنفرانسی دامەزراندن لە شاری کەرکوک دیاریکراوە، جڤات بڕیاری دا هەمو ئامادەکارییە ڕێکخراوەیی و لۆجستی و یاساییەکان بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە، ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ بە ئەندامانی دەستەی گشتی و گەرەنتی کردنی بەشدارییەکی سەرکەوتویی هەڵسوڕاوان.
هەر لەو بارەیەوە، جڤاتی نیشتمانی پەیامی ئاشتی و تەبایی ئاراستەی سەرجەم کەسایەتی و هەڵسوڕاوانی ناو گۆڕان دەکات. جەخت کرایەوە کە ئەم قۆناغە تەنها بە کاری پێکەوەیی و یەکڕیزی تێدەپەڕێت. ئامانجمان ئەوەیە هەموان بەیەکەوە و بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بەرەو کۆنفرانس هەنگاو بنێین بۆ تێپەڕاندنی ڕێوشوێنە یاساییەکان و نوێکردنەوەی خەباتی سیاسیی بزوتنەوەکە.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان
٥ی شوباتی ٢٠٢٦


هەواڵی زیاتر