چۆمان محەمەد: بەرنامە و گوتاری نوێی گۆڕان بۆلایەنەكان دەخەینەڕو

08/04/2026

ئەندامێكی شاندی گۆڕان بۆ كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان ڕایدەگەیەنێت: بەرنامە و گوتاری نوێی گۆڕان بۆلایەنەكان دەخەینەڕو، جگە لەوەش ئیستا كە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی هەستیار و خەمناکدا تێدەپەڕێت لەگەڵ ئەوەی ئاگربەستی كاتی ڕاگەیەندراوە پێویستیمان یەکڕیزی لایەنەکان و یەكدەنگی گەلی كورد و لایەنە سیاسیەكانە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی پریشكی ئاڵۆزیەكان.

دوای بەستنی کۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە (١٦ـی شوباتی ٢٠٢٦) لە شاری کەرکوک، لەسەر راسپاردەی جفاتی نیشتمانی، شاندێكی گۆڕان كە لە (دلێر عەبدولخالق، شاخەوان ڕەئوف بەگ، چۆمان محەمەد و ڕۆڤان سەروەت) ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی سەردانی لایەنە سیاسیەكان كرد لەوانە (یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتووی ئیسلامی و حزیبی شیوعی كوردستان) ئامانجی دیدار و كۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بۆ گەیاندنی پەیامی گۆڕان و دەستپێشخەرییەکانیەتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و بەدیهێنانی یەکڕیزیی نیشتمانی.

لەوبارەیەوە چۆمان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و شاندەكەی گۆڕان، دەڵێت: سەردان و كۆبونەوەمان لەگەڵ لایەنەکان بۆ خستنەڕووی بەرنامە و گوتاری نوێی بزووتنەوەکەمان و چۆنیەتی بەدیهێنانی یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كورد و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و خەڵكی خۆمانە لەو شەڕ و ئاڵۆزیەی لە ناوچەكەمان هەیە.

چۆمان محەمەد، هەڵوێستی گۆڕان لەبارەی ئەو هێرشانە ڕوون دەكاتەوە كە لە 40 رۆژی رابردوو كرانە سەر ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و جگە لە زیانی مادی شەهید و برینداریشی لێكەوتەوە و دەڵێت: سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان دەكەین و عیوانی چاكبونەوەی بەپەلە بۆ بریندارەكان دەخوازین، ئێمە پێمانوایە ئەو هێرشانە تەنها بۆ سەر هێزێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو نین، بەڵکو کراونەتە سەر تەواوی هەرێم، بۆیە دەبێت عێراق بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەریی هەرێم وەک بەشێک لە خاکی خۆی بگرێتە ئەستۆ و لە بەیاننامە و ئیدانەکردن هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ ڕاگرتنیان.
جەختیش دەكاتەوە لە پێویستی پاراستنی بێلایەنی لەو ململانێیانەوە و دوورخستنەوەی ئاگر و پریشكی شەڕ لە خەڵكی كوردستان.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و پرسی پێکهێنانی حکومەتی عێراق، چۆمان محمەد دوپاتی دەكاتەوە كە لەم کاتەدا پێویستە سەرجەم لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە خەمی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا بن، چونکە کاتی ململانێی سیاسی نییە، پێویستە "کورد یەکدەنگ بێت لە پرسە نیشتمانیەكان و لەسەر پرسی پۆستی سەرۆک کۆماریش  دۆخێك نەخولقێندرێت كە هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بخرێتە ئەستۆی کورد، بەو پێیەی کێشە سەرەکییەکان لەنێوان لایەنە عێراقیەكانن.

هاوكات جەخت لە گرنگیی دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان دەكاتەوە و دەڵێت: لە كۆبونەوەكانیشدا دووپاتمان كردوەتەوە كە پێویستە بەپەلە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و حکومەتێکی نوێ لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە پێکبهێنرێت، چونکە بوونی پەرلەمان و حکومەت، زامنی سەرەکیی پاراستنی ئاسایش و دڵنیاییدانە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا".


هەواڵی زیاتر