گۆڕان: پێویستە هەرێمی کوردستان بە ستراتیژێکی یەکگرتووەوە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بکات
22/06/2026
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت؛ سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا سەرکەوتوو بووە و لەهەمانکاتدا جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکان دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی
ئەمڕۆ، دووشەمە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بەسەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە مەکۆی سەرەکی لە شاری سلێمانی گرێدا. لە کۆبونەوەکەدا، چەند تەوەرێک تایبەت بە دۆخی گشتی و قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەرکە ڕێکخراوەییەکانی بۆ قۆناغی داهاتو گفتوگۆ کران.
لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد مەجید، تیشکی خستە سەر دەرەنجامەکانی سەردانە سەرکەوتوەکەی شاندی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەغدا. هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنی کرا بۆ دیدارە گرنگەکان لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، و ژمارەیەک لە سەرکردە و کەسایەتییە دیارەکانی ناو پارتە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ئەنجامدرابون. ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی کاریگەر وەسفکرا بۆ دروستکردن و پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان لەسەر بنەمای داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی هاونیشتمانیانی هەرێم. لەگەڵ خستنەڕووی ڕوانگەی ناوەندە سیاسییەکانی عێراق، کە بە ئومێد و متمانەیەکی زۆرەوە دەڕواننە پێگە و تێڕوانینەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێم و عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان.
دواتر، جڤاتی نیشتمانی هەڵوەستەی لەسەر ئاڵۆزییە خێراکانی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق کرد. لەو چوارچێوەیەدا، خوێندنەوەیەکی گشتگیر بۆ سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان کرا. جەخت کرایەوە پێویستە هەرێمی کوردستان بە ستراتیژێکی یەکگرتوەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بکات. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی هەرێم، درێژەکێشانی قەیران و بنبەستی سیاسی وەک مەترسیەکی رژد بۆ دۆخی سیاسیی هەرێم باسکرا و، پێویستی خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ لێکتێگەیشتنی سیاسیی و گفتوگۆی لایەنە سیاسیەکان وەک ئەرکی لەپێشینەیی قۆناغەکە سەیر کرا.
لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کاروباری ناوخۆیی و هەنگاوەکانی داهاتوی گۆڕان گفتوگۆی چڕیان لەسەر کرا. بە مەبەستی خۆنوێکردنەوە و باشترکردنی ئەدای کاری ڕێکخراوەیی، بڕیاردرا بە تەواوکردنی پرۆسەی پێکهێنانی جڤاتی ڕاوێژکاری، پێداچوونەوە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی مەکۆکان و سەرپێخستنەوە و چالاککردنی ئەرکی ژوور و دامەزراوەکان، بەو ئامانجەی بزوتنەوەکە بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە خەباتی مەدەنی و سیاسی خۆی بدات.
جڤاتی نیشتمانی گۆڕان
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سلێمانی
فۆتۆ- بڕیار نامیق