ژوری ڕەوەندی کوردی و سەرپەرشتیارانی ئۆرگانەکانی دەرەوە کۆدەبنەوە
01/07/2026
ژوری ڕەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەیەكی لەگەڵ سەرپەرشتیارانی
ئۆرگانەکانی دەرەوە ڕێكخست، بۆ تاوتوێکردنی دوا پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی
کوردستان، ئامادەکاری بۆ چالاکییە سیاسی و نەتەوەییەکانی مانگی تەمموز.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، فوئاد جەمال رێکخەری ژووری رەوەندی
کوردی شیکارێکی گشتگیری لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێشهاتە
نوێیەكان پێشکەش کرد، هاوكات باس لە دوا گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
کرا و گرنگیی قۆناغی ئێستا و پێویستیی هاوئاهەنگیی زیاتر لە نێوان ئۆرگانەکان جەختی
لێكرایەوە.
بەشداربووان جگە لە دوپاتكردنەوەی بەردەوامیی پەیوەندی و
هەماهەنگی لە نێوان ئۆرگانەکانی دەرەوە، سەرنج، تێبینی و پێشنیارەکانیان بۆ باشتر
بەڕێوەچونی کاری ڕێکخراوەیی خستەڕو.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئامادەکاریی بزوتنەوەی گۆڕان كرا
بۆ بەشداریکردن لە یادی
(١٠٣)ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، کە لە وڵاتی سویسرا بەڕێوە دەچێت. هەروەها پلانی بەشداریکردن
لە چەند چالاکییەکی دیکەی مانگی تەممووز لە وڵاتی بەریتانیا تاوتوێ کرا و بڕیار لەسەر
تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان و دابەشکردنی ئەرکەکان وەرگیرا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی یەکڕیزی، هاوکاری
و بەردەوامیی کار و چالاکییەکانی ژووری ڕەوەندی کوردی کرایەوە، بۆ پشتگیری لە ئامانج
و پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان و بەهێزکردنی ئامادەبوون لە سەرجەم بوارەکان.