وێنە؛ کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بەردەوامە

05/07/2019

کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ بڕیاردان لەسەر میکانیزمەکانی دیاریکردنی کاندیدانی پۆستە وزاری و حکومییەکان بەردەوامە و تێیدا راپۆرتى لیژنەى تایبەتمەند بە هەڵسەنگاندنى سیڤیەکان دەخوێندرێتەوە و هەوڵدەدرێت بەشێوەیەکى دیموکراسى کاندیدەکان دیارى بکرێن، بۆئەوەى بتوانرێت لە ئایندەدا حکومەتى نوێ زۆرترین داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان جێبەجێ بکات.

پەیامنێرى (سبەى) رایگەیاند؛ دواى دەستپێکردنى کۆبونەوەى جڤاتى نیشیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرپەرشتى رێکخەرى گشتى، راپۆرتى ئەو لیژنەیە خوێندراوەتەوە کە چەند هەفتەیەکە پێکهێندراوە بۆ هەڵسەنگاندنى ئەو سیڤیانەى بۆ پۆستە وزارییەکان پێشکەش کراون.
وتیشى:"بڕیارە دواى خوێندنەوەى راپۆرتەکە و پێوەرەکان، ئەندامانى جڤاتى نیشتیمانى گفتوگۆى لەبارەوە بکەن بۆئەوەى دواتر میکانیزمێک دابنرێت بۆ چۆنیەتى یەکلاکردنەوەى کاندیدەکان و هەوڵدەدرێت پرسەکە بە شێوەیەکى دیموکراسی بەڕێوەبچێت".

سەرچاوەیەک لە کۆبونەوەکەوە بە (سبەى) راگەیاند؛ بزوتنەوەى گۆڕان دەیەوێت بەشێوەیەکى دیموکراسى و بە لەبەرچاوگرتنى چەند پێوەرێک کاندیدانى دیارى بکات، پلانیشى ئەوەیە تیمى گۆڕان کارنامەیەک دابڕێژن کە رەنگدانەوەى رێککەوتنى بزوتنەوەکە و پارتى دیموکراتى کوردستان بێت بە ئامانجى ئەنجامدانى چاکسازى و یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و بە دامەزراوەیى کردنى پەیوەندییەکانى هەرێم و ناوەند و دەرەوە و باشکردنى ژیانى خەڵکى کوردستان و بەرەوپێشبردنى ئاستى خزمەتگوزارییەکان و پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان.

سلێمانى/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر