​د.یوسف محەمەد: هیچ هێزێک نییە پڕۆژەکانی گۆڕان تێپەڕێنێ

16/09/2018

سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت؛ دەسەڵات هەوڵ ئەدات پەرلەمان بێبەها بکات، مەترسی ئەوەش دەخاتەڕو کە ئەگەر دەنگی ناڕازی لەناو پەرلەمان کەمببێتەوە، دەسەڵات پاشەکەوتی موچە دەکات بە یاسایی.

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ ماوەی دو خولە پەرلەمان بەچڕی لەناو روداوەکاندایە، خولێک وەکو ئۆپۆزسیۆن و خولێکیش لەنێو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەروەها ئەم خولەی پەرلەمان کە لەماوەی یەک ساڵ و (5) مانگی کارکردندا لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هێندەی چوار ساڵی خولی پێشو پرسیار ئاڕاستەی حکومەت کراوە و هەروەها حکومەت ئامادەی پەرلەمان بوە.

وتیشی: لەماوەی کارکردنی ئەوان لە دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمان ببو بە شوێنی داخوازی و دوانگەی خەڵک.

رونیشیکردەوە، ئەوان لەرێگەی پەرلەمانەوە رێگرییان کرد لە بڕینی بودجە و موچە و قوتی خەڵک و پێش ئەوەی دەستبەکار بن تەنها دو مانگ موچە دواکەوتبو، بەڵام کاتێکیش دەستبەکاربون تا ئەوکاتەی رێگرییان لێکرا هەر دو موچە دواکەوتبو، بەڵام پاش پەکخستنی پەرلەمان، حکومەت بە نایاسایی موچەی خەڵکی بڕی و فرسەتی هێنا.

د.یوسف محەمەد سادق مەترسی ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر دەنگی ناڕازی و نەخێر لە پەرلەمانی داهاتو لاواز بێت، ئەوا حکومەت پاشەکەوتی نایاسایی موچە دەکات بە یاسایی و موچەی خەڵک کەمدەکەنەوە و بەڵگەشیان لەبەردەستە.

رونیشیکردەوە، پڕۆسەی گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستان پشو درێژی دەوێت، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئیرادەیەکی بەهێزی هەیە و دەیەوێت بەشێوەی ئاشتییانە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بکات.

وتیشی: هیچ هێزێک نییە پڕۆژەکانی گۆڕان تێپەڕێنێ، سەرباری بونی هێزی تازە، بۆیە گۆڕان هێزێکی رەسەنی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانە و بۆ گۆڕانکاری هەمیشەیی هاتوەتە بون.

رونیشیکردەوە، گۆڕان وایکرد هێزەکانی دیکە لەناوخۆیاندا گۆڕانکاری بکەن، بەتایبەت لە بابەتی کاندیدکردنی گەنج بۆ پەرلەمان و پۆستە باڵاکان و گۆڕان لەو روەوە سەرمەشق بوە، هەربۆیە ئێستا هێزەکانی دیکە پەنایان بۆ کاندیدکردنی گەنج بردوە و جگە لەوەش لەچەند رۆژی رابردو پەرلەمانی عێراق گەنجترین کەسی کرد بە سەرۆکی پەرلەمان لە هەمو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەلتورێک کە گۆڕان چەسپاندویەتی.


سەبارەت بە بەشداری هاوڵاتیان لە دەنگدان، د.یوسف محەمەد باسی لەوەکرد، دەسەڵات هەمیشە لە بەشداری خەڵک لە دەنگدان دەترسێت، بۆیە دەیانەوێت خەڵک بێهیوا بکەن و نەچن بۆ دەنگدان.

لەبارەی کار و بەڵێن و پڕۆژەکانی گۆڕانیشەوە، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ ئەوان کاتێک بەرنامەی هەڵبژاردنیان داڕشتبو، ساڵانە (8 بۆ 10) ملیار دۆلار لە بەغداوە دەهات، بەڵام پێش ئەوەی گۆڕان بەشداری حکومەت بکات، بودجە بڕا.
جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەوان پڕۆژە یاسای دەستبەری کۆمەڵایەتی کە موچەی کابانی ماڵیشی لەخۆ دەگرت، خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرابو، دواتر رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا و تیمێکی پەرلەمانیش سەردانی سویدیان کرد بۆ پێداچونەوە بە پڕۆژەکە و هەروەها سودوەرگرتن لە ئەزمونی سوید لەبارەی دەستبەری کۆمەڵایەتی. بەڵام داخستنی پەرلەمان ئەو پڕۆژە و دەیان پڕۆژە یاسای دیکەی پەخست.


هەواڵی زیاتر