كۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێم سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات

22/09/2019

كۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێم سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كردو پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی لە رێکخەری گشتی کرد.

‎سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ كۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، سەردانی مەکۆی سەرەکی گۆڕانیان کرد لە سلێمانی و لەگەڵ عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و رێکخەری ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی ژورەکە کۆبونەوە.

لە کۆبونەوەکەدا، تاوتوێی دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەكە کرا، هاوکات ئەولەوییەتەكانی گۆڕان بۆ چاكسازی و بە نیشتمانیكردنی دامەزراوەكان بە وردی باسی لێوەكرا. رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان،  جەختی لە پشتگیری دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە بۆ رێككەوتن.

لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی دەستبەكاربونی لە كۆنسوڵی نوێی فەڕەنسا لە هەرێم كرد و پشتیوانی گۆڕانی بۆ دەربڕی.

لای خۆیەوە، كۆنسوڵی فەڕەنسا پلان و بەرنامەو ستراتیژی كاركردنی خۆی  بۆ بزوتنەوەی گۆڕان رونكردەوەو هاوكات پیرۆزبایی لە رێكخەری گشتی گۆڕان كرد بە بۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی گۆڕانەوە.

كۆنسوڵی گشتی فەڕەنسا ستایشی تێڕوانینەكانی گۆڕانی كرد بۆ چارەسەری كێشەكان بە گفتوگۆ و جەختی كردەوە، ئەركی سەرەكی ئەوان بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسایە.


هەواڵی زیاتر