کەمال موسلیم: ئەوەی‌ لە تواناماندابێت بۆ بەگەڕخستنەوەی‌ کارگەکان ئەنجامی‌ دەدەین

18/02/2020

لە کۆى (3714) کارگە لە هەرێمى کوردستان، (2272) کارگەیان داخراون، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازیش رایدەگەیەنێت؛ ئەوەى لە تواناماندابێت بۆ بەگەڕخستنەوەى کارگەکان و پاڵپشتى کەرتى تایبەت ئەنجامى دەدەین.

بەپێى ئامارەکان؛ لە کۆى (3714) کارگە لە هەرێمى کوردستان، (2272) کارگەیان داخراون و بەوهۆیەشەوە (8835) هەلى کار لەدەستچون، ئەمڕۆ دوشەممە بۆ بەدواداچونى ئەو پرسە و لێکۆڵینەوە لە هۆکارى داخستنى کارگەکان و هەوڵدان بۆ بەگەڕخستنەوەیان، کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم لەگەڵ نوێنەرى کارگە داخراوەکان کۆبوەوە.

لەبارەى ناوەڕۆک و ئامانجى کۆبونەوەکەوە، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم راگەیاند؛ بەپێویستمان زانى لە نزیکەوە گوێ لە هۆکارى داخستنى کارگەکان و لەمپەڕەکانى بەردەمیان بکۆڵینەوە، ئەو داواکارییانەى کە تایبەتە بە وەزارەتمان راستەوخۆ چارەسەریان دەکەین و ئەوانى دیکەش کە پەیوەستن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بوارى رێگاوبان و کارەبا و گومرگ بە نوسراو و بە ئامانجى چارەسەرکردنیان، ئەنجومەنى وەزیران ئاگادار دەکەینەوە.

وتیشى:"ئەوەندەى لە تواناى ئێمەدا بێت بەپێى یاسا و سنورى دەسەڵاتمان، هاوکار دەبین بۆ بەگەڕخستنەوەى زۆرترین کارگە لەپێناو رەخساندنى هەلى یەکسان و زیادکردنى بەرهەمى ناوخۆ و رەخساندنى هەلى کار بۆ هاوڵاتیانمان". 


هەواڵی زیاتر