وەزیرى بازرگانى دڵنیایی لە هەبوونى خۆراک و پێداویستى لە بازاڕەکانى هەرێم دەدات

26/02/2020

وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان دڵنیایی دەدات سەبارەت بەوەى کە خۆراک و کەلوپەل و پێداویستى تەواو لە هەرێمى کوردستان هەیە و هەرکەسێکیش نرخ گران بکات سزا دەدرێت.

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتى هەرێمى کوردستان، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ ژورە بازرگانییەکان و ژمارەیەک لە بازرگانان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بۆ چاودێریکردنی دۆخی بازاڕ و نرخی شتومەک رایگەیاند، حکومەتى هەرێم رێوشوێنى پێویستى گرتوەتەبەر و ئەوەى لە توانایدابێت دەیکات بۆ ئەوەى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان لە تووشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا پارێزراو بن.

سەبارەت بە جموجوڵى بازرگانى و هێنانى پێداویستى لە ئێرانەوە وتى، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەتن بۆ ئەوەى هێنانى خۆراک و کەلوپەل لە ئێرانەوە بەردەوام بێت، بەڵام بەجۆرێک کە سەلامەت بێت و رێگرى لە هاتنى ڤایرۆسەکە بکرێت.

وەزیرى بازرگانى دڵنیایی دا لەوەى کە خۆراک و پێداویستى پێویست لە بازاڕ و کۆگاکان هەیە و پێویست ناکات خەڵک بترسێت، چونکە بازرگانەکانیش دڵنیاییان داوە لەوەى کە خۆراک و کەلوپەل و پێداویستى باش لە کۆگاکانیان هەیە کە لانى کەم بەشى شەش مانگ دەکات ئەگەر بێت و هاوردەکردنیش رابگیرێت. داواشى لە راگەیاندنەکان کرد رۆڵى باش ببینن و خەڵک نەترسێنن، چونکە هەموو شتێک باشە و پێویست بە ترس و دوو دڵى ناکات.


هەواڵی زیاتر