پردێکی نوێ بۆ دەربەندی رانیە دروستدەکرێت و پردە کۆنەکەش چاک دەکرێتەوە

01/03/2020

رەزامەندی لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژە بۆ سنورەکە دراوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەصالح، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد و نوێنەرانی زیاتر لە ٤٦ گوندی ناحیەکە.

مەبەستی سەردانی نوێنەرانی گوندەکانی ناحیەی بنگرد بۆ لای وەزیری ئاوەدانکردنەوە گەیاندنی داواکارییەکی خەڵکی سنورەکە بو کە ئەویش چاککردنەوەی پردی دەربەندی رانیەو کردنەوەی رێگاکە بەروی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگردا کە رێگایەکی سەرەکی سنوری ناحیەکەیانە، کە لە ئێستادا بەھۆی ئەو مەترسیەی لەسەر پردەکە ھەیە ھاتوچۆی بارھەڵگر قەدەغەکراوە.

لای خۆیەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێ کردن ئاماژەی بە پلان و ھەوڵەکانیان کرد بۆ خزمەتکردنی سنورەکەو سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی و رایگەیاند، رەزامەندی لەسەر کۆمەڵێک پڕۆژە بۆ سنورەکە دراوە یەکێک لەوانە دروستکردنی پردێکی نوێ و ھاوکات چاککردنەوەی پردەکەی ئێستایە تا دروستکردنی پردە نوێیەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی ئەوەی لە رابردودا مەترسی لەسەر پردەکە ھەبوە ھاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارھەڵگریان قەدەغەکردوە، بەڵام بۆ چارەسەری بنەڕەتی رەزامەندی بۆ دروستکردنی ئەو پردە نوێیە وەرگیراوە.

ھاوکات ئەندازیار دانا عەبدولکەریم، بڕیاریدا بەپێکھێنانی لیژنەیەکی ئەندازیاری پسپۆڕ بەمەبەستی سەردانی کردنی پردەکەو دەستنیشان کردنی ئەوەی تا چەند دەتوانرێت ھاتوچۆی پێدا بکرێت لەپێناو چارەسەرێکی خێرا بۆ کارئاسانی ھاوڵاتیان لە چوارچێوەی رێنماییەکاندا تا دروست کردنی پردە نوێیەکە، بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی سنورەکە.

لە کۆتایدا وەفدی میوان دەستخۆشی و سوپاسیان ئاراستەی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و وەزارەت کرد بۆ خەمخۆری و بەدەمەوەھاتنیان بۆ داواکارییەکانی خەڵکی سنورەکە.


هەواڵی زیاتر