مستەفا سەید قادر بۆ یەکێتی مامۆستایان: خۆتان لە کاری حیزبایەتی بەدور بگرن لە ناوەندەکانی خوێندن

04/03/2020

جێگرى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە وەفدێکى رێکخراوى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان دەکات و پشتیوانى بۆ کارەکانى رێکخراوە دەردەبڕێت، پێشنیار بۆ یەکێتی مامۆستایانیش دەکات رۆڵی سەرەکی لە باشترکردنی سیستمی خوێندن و فێرکردن  ببینن.

ئەمڕۆ چوار شەممە (4/3/2020) مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە وەفدێکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرد.
نوێنەری وەفدی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان رۆڵی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بە گرنگ لەقەڵەمدا بۆ بەرجەستەکردنی یەکڕیزی و هەڵوێستی سیاسی پارتە سیاسییەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکان.
لاى خۆیەوە؛ جێگری سەرۆکی هەرێم پشتیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی بۆ رێکخراوەکە دەربڕی وەک یەکێک لەو رێکخراوانەی کە رۆڵیان لە شۆرشەکانی کوردستاندا هەبووە و لە پاش راپەرینی گەلی کوردستانیش لە ساڵی (1991) رۆڵی کاریگەریان هەبووە.
هاوکات مستەفا سەید قادر پێشنیاری بۆ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کرد کە رۆڵی سەرەکی خۆیان ببین لە دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروردە و پێگەیاندنی رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی سیستمی خوێندن و فێرکردن و رۆڵی داهێنەرانەی زانکۆکانی کوردستان و خۆیان بە دوور بگرن لە کاری حزبایەتی لە ناوەندەکانی خوێندن و پەروردە و فێرکردن.
وەفدەکەى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان، هیوای خواست پەیوەندییەکی هەمیشەیی و توندوتۆڵیان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەموو دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت.


هەواڵی زیاتر