قائیمقامى دەربەندیخان: تائێستا بودجەى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنامان بەدەست نەگەیشتوە

28/03/2020


 * هەمو رێکارەکانمان گرتوەتە بەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆخەکە

قائیمقامى دەربەندیخان رایدەگەیەنێت؛ بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆخەکە و جێبەجێکردنى رێنماییە تەندروستیەکان سەرجەم رێکارەکانمان گرتوەتە بەر و چەند تیمێک سەرقاڵى پشکنینى بەردەوامى هاوڵاتیانن، لە ئایندەیەکى نزیکیشدا نەخۆشخانەیەکى تایبەت دەکەینەوە.

ناسیح مەلا حەسەن، قائیمقامى دەربەندیخان لە لێدوانێکدا  رایدەگەیەنێت؛ تائێستا دۆخى دەربەندیخان جێگیرە و کارەکان باش رۆیشتون، هاوڵاتیان پابەندن بە رێنماییەکانەوە و ئەو سەرپێچیانەش کە هەیە هیزە ئەمنییەکان لە جوڵەدان بۆ ئەوەى رێگرى لێبکەن، سەرجەمى دەوازەکانى دەربەندیخان کۆنتڕۆڵکراوە و هەندێکیشیمان داخستوە بۆ ئەوەى بە باشترین شیواز یاساى قەدەغەکردن بەڕێوە ببەین.

ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵک تا رادەیەکى زۆر پابەندە، بەڵام هێشتا کەسانێک هەن کە سەرپێچى دەکەن و بەوهۆیەوە دوێنێ (12) کەسمان دەستگیر کردوە بە تۆمەتى سەرپێچى و لەلایەن دادوەرەوە بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە، "ئەوەى لەسەر ئێمە بوە وەک جێبەجێ کردنى رێکارە تەندروستییەکان کە پێمان دراوە لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە جێبەجێیان دەکەین چەند تیمکێک سەرقاڵى پشکنینى هاوڵاتیانن و ژمارەیەکى زۆر پشکنین کراوە".

ناسیح مەلا حەسەن، ئەوەش دەخاتەڕو کە دەوڵەمەندێکى دەربەندیخان ئامادەیى دەربڕیوە بۆ دروستکردنى نەخۆشخانەیەک و خێرخوازى دیکەش هاتونەتە پێشەوە، لە قۆناغى یەکەمدا نەخۆشخایەکى (16) قەرەوێڵەیی دەکەینەوە، بەڵام لەسەر داواى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى ژمارەکە زیاد دەکرێت و دەکرێتە نەخۆشخانەیەکى (32) قەڕەوێڵەیی، بەڵام دەڵێت:"تائێستا ئەو بودجەیەى بۆ روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا بڕیارى لێدراوە، بەدەستمان نەگەیشتوە".


هەواڵی زیاتر