وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى: زیاتر لە رابردو خۆراک و پێداویستى رۆژانە دێتە هەرێم

30/03/2020


وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ بۆ سەردانى کارگە و کۆکان هاتونەتە شارى سلێمانى و دڵنیایى دەدات لەوەى خۆراک و شمەکى رۆژانە زیاتر لە رابردو دێتە هەرێمى کوردستان و دەشلێت:"لیژنەکانى چاودێرى بازرگانیمان راسپاردوە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ رێگرى لە قۆرخکارى و گرانکردنى نرخ".

کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێم، دواى کۆبونەوەى لەگەڵ ژورى بازرگانى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ، ئاماژەى بەوەکرد ئامانج لە سەردانەکەیان بۆ دڵنیابونە لە بونى خۆراکى پێویست لە پارێزگاى سلێمانى و وتى:"لە کۆبونەوەمان لەگەڵ پارێزگار و ژورى بازرگانى، جەختمان لە پێویستى دابینکردنى خۆراک و پێداویستى رۆژانە کردەوە و بۆئەوەش ئامادەى پاڵپشتى و ئاسانکاریین بۆ بازرگانان و پارێزگا".

باسى لەوەشکرد کە بڕى مەوادى پێویست لە کۆگاکاندا هەیە و دۆخەکە بەشێوەیەک پێویست بە هیچ نیگەرانى و دوڵییەک ناکات، چونکە راستە جوڵەى بازرگانى وەک رابردو نییە، بەڵام هاوردەکردنى خۆراک و شمەک و پێداویستى رۆژانە زۆر زیاترە لە رابردو، پێویستە "هاوڵاتیانیش پەنا نەبنە بەردەم زیادە خەرجى و کڕینى شمەک".

کەمال موسلیم وتیشى:"لەپێناو رێگرى لە پەنابردنە بەر قۆستنەوەى ئەم دۆخە و گرانکردنى نرخ، چاودێری بازرگانیمان راسپاردوە لیژنەکان و کارەکانیان چڕ بکەنەوە بۆناوشار و فرۆشگا و مۆڵ و کۆگاکان بۆ کۆنترۆڵکردنى نرخ و رێگرى لە هەر قۆخکارییەک".

لاى خۆیەوە، سیروان محەمەد، سەرۆکى ژورى بازرگانى وتى: "دڵنیایى دەدەینە هاوڵاتیانى سلێمانى و هەرێمى کوردستان کە هەوڵدەدەین ئەوەى لە وڵاتان روى داوە لە روى کەمبونەوەى شمەک لە هەرێمى کوردستان رونەدات، ئێستا لەرابردو زیاتر خۆراک و پێداویستى رۆژانە دێتە هەرێمى کوردستان بەشێوەیەک کۆگاکان ئێستا پڕن لە خۆراک و شمەک و لەگەڵ وەزارەت لە پەیوەندیداین بۆئەوەى کۆگاى دیکە ئامادە بکرێت".


هەواڵی زیاتر