پڕکێشە و کەمدەرامەتترین وەزارەت

17/04/2020


وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پڕ کێشەترین و کەمدەرامەتترین وەزارەتی حکومەت، زۆربەی خەڵکی کەم دەرامەت و لێقەوما و لەخۆی دەگرێت (95) ھەزار کەمئەندامی تۆمار کراو و (30) هەزاری تۆمارنەکراو، (80) ھەزار خێزانی کەمدەرامەت کە چوار ساڵە موچەکانیان راگیراوە، کرێکار و بێکار... ھتد.

نۆ مانگە ئێمە ھەمومان خۆم و ستافەکەم، راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و سەرجەم بەڕێوەبەر و فەرمانبەرەکان چیمان پێکرابێت و لە تواناماندا بوبێت بۆ خزمەتی ئەم چین و توێژانە کردومانە شەو و رۆژ لە کاردا بوین.

لە زاخۆ تا خانەقینیش کەمئەندامێک، ھەژارێک، لێقەوماوێک کێشەی ھەبوبێت بە شەو یان بە رۆژ پەیوەندی پێوە کردبین ھاوکاری بوین (چونکە ئێمە نە ژمارەی مۆبایلمان گۆڕیوە نە دامانخستوە).

لەسەردەمی کۆرۆنادا ئەرکی ئێمە قورستر بو، رۆژانە بە دەیان خێزانی ھەژار بۆ ھاوکاری پەیوەندیمان پێوە دەکەن سەرباری کەمبونەوەی خۆراک لە خانەکان و چاکسازییەکان نەمانی پێشینەی (نەسریە) وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان .

لەسەرەتاوە تا ئێستا کۆمەڵێک وەزیر و رێکخراوی نێودەوڵەتی و لۆکاڵی و کۆمپانیا و خەڵکی خێرخواز ھاوکارمان بون، لە ھەمو چاوپێکەوتنەکانم و بە نوسراو سوپاسی زۆر وەزارەت و لایەنمان کردوە ئەوەی بچوکترین خزمەتی بە چین و توێژەکانی سەر بە وەزارەتمان کردبێت رێزمان لێناوە، چونکە بە لای ئێمەوە ئەوە بچوکترین ئەمەکداری بوە، بگەڕێنەوە پەیجی وەزارەت و ببینن چۆن و لە چەند شوێنی دورە دەست سوپاس و رێزلێنانی ھاوکارانمان کردوە.

لە ئێستادا کە خەڵکێکی زۆر ھەژار و نەدار کەوتون بە ھۆی کۆرۆناوە، ھەمو ھەوڵەکانمان خستوەتەگەڕ بۆ داوای ھاوکاری، چ لە حکومەت و بەتایبەتی وەزارەتی دارایی، چ لە رێکخراو و کۆمپانیا و خەڵکی خێرخواز .

ھەمو ئەوانەی دەمانناسن دەزانن بەشی زۆری موچەکەی خۆشم لە رابردو و لە ئێستاشدا بەخشیوەتە ئەوانەی پێویستیان بوبێت .

ھەمو ئەمانەشمان بە ئەرکی سەرشانمان زانیوە لەبەرامبەر خوا و خەڵک و بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، ھەرگیز بۆ خۆدەرخستن و خۆ بە پاڵەوان کردن نەبوە .

لە کوێیش لە حیزب و حکومەت کەم و کورتی ھەبوبێت لە کۆبونەوە و راستەوخۆ قسەی خۆمانمان ھەبوە، نە سڵمان کردوەتەوە و نەترساویشین ئاخر ئەزانم کە ئەرکی من خزمەتە نەک خۆ نمایش کردن .

ئێستاش کە ھەڵمەتێک لە دژمان بەرپا کراوە زۆر باش دەزانم چۆن و لە کوێوە ئاڕاستە دەکرێت بۆیە ھەرگیز ئەو شتانە ساردم ناکاتەوە لە ھەوڵ و تێکۆشان .

بەوە کۆتایی پێدێنم سەرەتای بزوتنەوەی گۆڕان ھێرشی زۆر ناڕەوام دەکرایە سەر و زۆر نیگەران بوم، رۆژێک لە ژورەکەی کاک عومەر دەردە دڵم کرد کاک نەوشیروان وتی دەزانیت بۆ ئاوات پێ دەکەن بۆ ئەوەی ئاوا بوشڵەژێنن و بوترسێنن، لەو رۆژەوە بڕیارمدا نابێت ھیچ ھێرش و ھەڵمەتێک چاوترسێنم بکات لە خزمەت کردن .


هەواڵی زیاتر