پارێزگاری سلێمانی: بۆ ئەوەی مزگەوت و كڵێسا و پەرستگاکان بکرێنەوە خۆتان بپارێزن

21/04/2020


پارێزگاری سلێمانی لە نووسینێکدا باسی هەنگاوەکانی خۆپارێزی و چۆنییەتی زاڵبوون بەسەر کۆرۆنا و سەختییەکاندا دەکات.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "بۆ ئەوەی مزگەوت، كڵێسا، پەرستگا، هۆڵەكانی ئاهەنگ‌، سەما، سەرگەرمكردن‌، كۆڕ و كۆبوونەوەكان‌،ژوانی دۆستان‌، گەڕەك‌، دوکان، بازاڕ، شەقام‌، شۆستەكان، باخچە، ڕەز و باخ‌، كێڵگە، شوێنە گەشتیارییەكان، ئارامگاكانی ئازیزان‌، شوێنی شین ‌و شایی خۆشەویستان، دەرگاكانیان بكرێنەوە، پێویستمان بە كلیلی خۆپارێزییە."

لە بەشێکی دیکەدا پارێزگاری سلێمانی دەنووسێت، هەموو نەخۆشیی ‌و دەردەکانی پێش كۆرۆنا کە زۆرێك لە هاووڵاتیانی گیرۆدە كردبوو، سەرچاوەكەی خراپیی شێوازی هەڵسوكەوتی ڕۆژانە، نەریتە زاڵەكان‌، تێكەڵاوبوون ‌و بەریەككەوتنی نەگونجاوانە بوون.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکرد داوا لە هاوڵاتیان دەکات، بایەخی گەورە بە خۆپارێزیی خۆیان بدەن، خۆپارێزیی زامنی تەندروستییەكی خودییانەی بێخەرجییە، كە دەتوانێت لە مەترسیی ‌و هەڕەشەكانی كۆرۆنا ڕزگاریان بكات.

لە کۆتایی نووسینەکەیدا پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، "بۆ ئەوەی سبەینێ‌ هەبێت، تۆ هەبیت، هەموو هەبین، پێویستمان بە خۆپارێزییە. خۆت بپارێزە، بۆئەوەی ژیان و جیهان بپارێزیت."


هەواڵی زیاتر