فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان: نەناوەندێتی ستراتیجی گۆڕانە

06/05/2020


لەم چەند رۆژەدا قسە و باس زۆر دەکرێ لەبارەی نەناوەندێتی، فراکسیۆنەکانی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی سلێمانی، ھەولێر و دھۆک، بەپێویستی دەزانێت رای خۆی لەم خاڵانەدا روون بکاتەوە؛
یەکەم :
بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان ھەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، جەخت کردنەوە بوە لە پێویستیی نەناوەندێتی، وەکو شێوازێکی ئیدارەدانی تەندروست، کە دەسەڵاتەکانی پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکان بچێتە بەرژەوەندی و باشترکردنی ئاستی پێشکەش کردنی پرۆژە و خزمەتگوزاریەکان.
دوەم:
پێمان وایە نەناوەندێتی بەشێکی گرنگە لە بنەمای دیموکراسی و حوکمڕانی تەندروست، حوکمڕانیەکی دیموکرات و پێشکەوتو بەبێ نەناوەندێتی کارگێڕی نابێ. بۆیە سیاسەتی ئێمە پاراستنی ئەم قەوارەیەو بەهێزکردنێتی پێشمان وایە یەکێک لەو رێگایانەی کە بۆ بەهێزکردنی حکومەت و هەرێمی کوردستان پێویستە پیادەکردنی سیستەمی نەناوەندێتییە.
سێیەم:
لەگەڵ ھەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانین، بەشێوەیەک کە دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی زیاتر ھەبێ بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی پارێزگاکان، قەزا و ناحیەکان، بەشێوەیەک کە زۆرترین کاروبارەکانی ھاوڵاتیان لە یەکە کارگێڕیەکانی خۆیان ڕایی بکرێت.
چوارەم:
دیدی ئێمە بۆ نەناوەندێتی، لەسەر بنەمای یاسایی و رێزگرتنە لە دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان و لەچوار چێوەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە لە حکومەتەوە بۆ یەکە کارگێڕیەکان، نەک پچڕاندنی یەکەی کارگێڕی لە جەستەی حکومەت.
پێنجەم:
پێویستە حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە کارئاسانی کردن بۆ ھاوڵاتیان لە رێگەی ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوەکان.
شەشەم:
پێویستە لە زوترین کاتدا، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی قەزا و ناحیەکان ئەنجام بدرێ و ئیدارەی ھەمو یەکە کارگێڕیەکان لە رێگەی دەنگی راستەقینەی ھاوڵاتیانەوە بێت و ھەر ھاوڵاتیانیش لەرێگەی نوێنەرەکانیانەوە لە بەرپرسانی یەکە کارگێڕیەکان بپرسنەوە.

فراکسیۆنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
6/5/2020


هەواڵی زیاتر