وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ژمارەیەک بڕیارى دەرکرد

13/05/2020

وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى، سەبارەت بە موچە و کرێى کرێکاران، چەند بڕیارێکى دەرکرد، بە پێى یەکێک لە بڕیارەکانیش دەبێت کرێکارانى کەرتى تایبەت کرێى ماوەى کەرەنتینەیان لە لایەن خاوەن کارەکانەوە پێبدرێت.

وەزارەتى کاروبارى کۆمەڵایەتى بڵاویکردەوە، بەسەر پەرشى کوێستان محەمەد وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و ئەنجومەنى کارگێرى خەزنەى خانەنشین و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران کۆبونەوە و لە کۆبونەوەکەدا چەند بڕیارێک لەبەرژەوەندى کرێکاران دەرچون.

لەیەکێک لە بڕیارەکاندا هاتوە، کرێکارانى کەرتى تایبەت کە بە هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە کەرەنتین کراون، خاوەنکار ناچار دەکات بە پێدانى کرێى تەواوەتى کرێکارەکانى لە ماوەى کەرەنتینەدا.

سەبارەت بە چۆنیەتى وەرگرتنى کرێى ئەو شوێنانەى بە کرێدراون کە موڵکى خەزنەى خانەنشین و دەستەبەریى کۆمەڵایەتین،بڕیاردرا بە لێخۆشبون لە کرێى مانگەکانى (3 و4) بۆ ئەو شوێنانەى کە لەلایەن سندوقى دەستەبەرى بە کرێدراون.

دەقى بڕیارەکان:
1_ سەبارەت بە موچەى کرێکارانى کەرتى تایبەت کاردەکەن و لەبەر بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا بەپێى بەیانى وەزارەتى ناوخۆ و رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى کەرەنتین کران، پالپشت بە مادەى (65) بڕگەکانى (1-2) لە یاساى کار ژمارە 71ى 1987 دەبێت خاوەنکار کرێى مانگانە بە تەواوى بدات بە کرێکارەکان.

2_  سەبارەت بە چۆنیەتى وەرگرتنى کرێى ئەو شوێنانەى بە کرێدراون کە موڵکى خەزنەى خانەنشین و دەستەبەریى کۆمەڵایەتین، پاڵپشت بە بڕیارى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران سەبارەت بە لێخۆشبوون لە کرێى مانگەکانى (3 و 4) ئەو شوێنانەى لەلایەن حکومەتەوە بەکرێدراون، بڕیاردرا بە لێخۆشبوون لە کرێى مانگەکانى (3 و4ى 2020) بۆ ئەو شوێنانەى کە لەلایەن سندوقى دەستەبەرى بە کرێدراون لەبەر ئەوەى لەو ماوەیە نەیانتوانیوە بە شێوەى ئاسایی بەکارى بێنن لەبەر داخستنیان بەهۆى قەدەغەى هاتوچۆو ڕێکارەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆڕۆنا.

3_ چۆنیەتى وەرگرتنى پارەى بەشدارییەکانى کرێکاران لە خاوەنکاران بۆ مانگەکانى(2_3_4_2020).
أ/ ئەو پڕۆژانەى بە پێى بەیانى وەزارەتى ناوخۆ رێپێدراو نەبوون بەکارکردن، پارەى بەشدارییەکانیان لێوەرناگیرێت تەنها بۆ مانگى (4_2020). بەڵام پرۆژەکانى تر دەبێت بە بەڵگەى فەرمى بیسەلمێنێت کە کارى نەکردووە ئەو کات بەشدارى مانگى چوارى لێوەرناگیرێت.
ب/ دەبێت خاوەنکار تاکو ڕێکەوتى (1_۹9_2020) بەڵگەى فەرمى کارنەکردنى پڕۆژەکەى بێنێت بە پێچەوانەوە سزاى دواکەوتنى بۆ هەژمار دەکرێت.


4_ هەژمارکردن یان لێخۆشبوون لە سزاى دواکەوتنى پارەى بەشدارییەکانى کرێکاران:
أ/ بۆ مانگەکانى (2_3_4_2020) سزاى دواکەوتن هەژمار ناکرێت.
ب/ بۆ مانگەکانى (5_6_2020) بۆ ئەو پڕۆژانەى کە خاوەنکارەکان سەردانى بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران دەکەن لە بەر ڕێنماییە تەندروستییەکان و دروست نەبونى قەرەباڵغى نەتوانرا کارى پێویستیان بۆ بکرێت، ئەوا فۆڕمى پارەدانیان بۆ ئامادە بکرێت و لە تۆمارى هاتو تۆمار بکرێت ئەوا لە مانگى داهاتو دەتوانرێت پارەى بەشدارییەکانى لێوەربگیرێت بێ ئەوەى سزاى دواکەوتنى بۆ هەژمار بکرێت ئەمەش تاکو ڕێکەوتى (1_8_2020) دەبێت.

5_  چۆنیەتى هەژمارکردنى سزاى دواکەوتن بۆ ئەو خاوەنکارانەى کە زانیارى ساڵانەیان لە مانگى (1_2020) پێشکەش کردووە و ئەوانەى لەبەر زۆرى کارەکان نەتوانراوە لێیان وەربگیرێت، سەبارەت بە پێشکەش کردنى زانیارى ساڵانە تاکو ڕێکەوتى (1_7_2020) بۆیان هەیە پێشکەشى بکەن.

6_ ئەو پڕۆژانەى قەرزارن و قەرزەکەیان بۆ کراوە بە قیستى مانگانە، بەڵام لەکاتى خۆى نەیانداوە و پابەند نەبوون، ماوەى پشوى فەرمى بە ماوەى قیستەکان هەژمار ناکرێت واتا بۆ مانگەکانى (2_3_4) قیستەکان دوادەخرێت بەبێ وەرگرتنى سزاى دوواکەوتن بۆ مانگەکانى(2_3_4).

7_ ئەو پڕۆژانەى لە مانگەکانى شوبات و ئازار/2020 بەر دەستەبەرى کەوتون سزاى دوواکەوتن بۆ ئەو پڕۆژانە وەرناگیرێت.

8_  خاوەنکار بۆ ئەو ماوەیەى کە لە پڕۆژەکەى کارى نەکردووە دەتوانێت بە شێوەى نوسین (اشعار) ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى بکاتەوە و لەگەڵ پێشکەش کردنى داواکارییەکەى بەڵگەى فەرمى بێنێت کە پڕۆژەکە لەو ماوەیە کارى نەکردووە.

9_ بۆ کۆتایی هێنان بە ڕاژەى کرێکار و کارپێکردنى کرێکارى تازە بۆ مانگەکانى (2_3_4_2020) لەبەر ئەوەى بارودۆخێکى استثنائى بووە و قەدەغەى هاتوچۆ بووە ناتوانرێت لە ماوەى سەرەوە خاوەنکار کۆتایی بە ڕاژەى کرێکار بێنێت.

10_ سەبارەت بەو پڕۆژانەى کە لە ماوەى (11_3_2020) تاکو (10_5_2020) داخراوە پارەى بەشدارییەکانى مانگى (3) سێى لێ وەردەگیرێت بەڵام بۆ مانگى (4) لێیان وەرناگیرێت.

11_ بە پێى مادەى (65) بڕگەى (1_2) لە یاساى کارى عێڕاقى ژمارە (71ى ساڵى 1987)ى هەموارکراو خاوەنکار ناتوانێت کرێى مانگانەى کرێکار کەم بکاتەوە و لەکاتى کەم کردنەوەى کرێیەکەى نوێنەرانى یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران داکۆکى لە مافەکانیان دەکەن.

12_ ئەو کرێکارانەى داواى پارەى پاداشتى کۆتایی خزمەت دەکەن بە هۆى پشوى فەرمى ماوەکەى زیاتر بوە لە (4) چوار ساڵلە ڕێکەوتى (11_3_2020) تاکو (10_5_2020) بۆیان درێژ بکرێتەوە واتا بەدەر دەبێت لە ماوەى دیارى کراو.

13_  دواى تێپەڕبونى (30) سی ڕۆژ بەسەر پشوى فەرمى بە پێى مادەى (65) بڕگەى (1) لە یاساى کارى عێڕاقى ژمارە (71ى ساڵى1987) ى هەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لەکاتى بوونى کێشە نوێنەرانى یاسایی بەڕێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى داکۆکى لە مافەکانیان دەکەن.

14_ لێژنەکانى پشکنین دەبێت کارى ڕۆژانە ئەنجام بدەن بە پێى رێنمایی خۆپارێزى وەزارەتى تەندروستى و بەیانەکانى وەزارەتى ناوخۆ.

15_ سەبارەت بە فرۆشتنى کەل و پەلى لەکارکەوتو کە هەموو ڕێکارەکان ئەنجامدراون بەڵام ڕێکەوتى مزایدە دەکەوێتە (30_3_2020) کە پشوى فەرمى بوو، دەبێت جارێکى تر ڕێکارى بڵاوکردنەوە ئەنجام بدرێت وە لە خاڵێک ئاماژە بکات ئەو کەسەى مزاەیدەکەى بۆ دەردەچێت هەردوو خەرجى بڵاو کردنەوەکەى دەکەوێتە ئەستۆ.

16_ ئەو بەشەى لە باڵەخانەى بەرێوەبەرایەتى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى بۆ کرێکاران/ سلێمانى بەکرێ نەدراون دوواى (3) سێ جار لە ئەنجامدانى کارى پێویست بە پێى یاساى فرۆشتن و بەکرێدانى موڵکوماڵى دەوڵەتى ژمارە (32ى ساڵى 1986)ى هەموارکراو بەپێى یاسا لە مزایدەى سێیەم بۆ جارى دووەم بڵاو کردنەوەى بۆ بکرێت بۆ ئەوەى ڕیکارە یاساییەکان بە تەواوى جێ بەجێ بکرێت.

17_ سەبارەت بە خەرج کردنى پارەى هاندەر (حوافز) بۆ مانگەکانى (3_4_5_2020) لەبەر ئەوەى پارەى هاندەر بەرامبەر کارکردنى فەرمانبەران و داهاتە، لەبەر ئەوەى لە مانگى (3) سێ هەمو مانگەکە دەوامى فەرمى نەبووە، بۆیە خەرج کردنى پارەى هاندەر بۆ مانگى (3) سێ بەڕێژەى (50٪) دەبێت و بۆ مانگى (5) پێنج بەڕێژەى (100٪) دەبێت، تەنها بۆ مانگى (4) چوار خەرج ناکرێت لەبەر ئەوەى دەوام نەکراوە و هیچ داهاتێک نەبووە.



هەواڵی زیاتر