باژێروانى قەزاى پشدەرى بزوتنەوەى گۆڕان: حکومەتى هەرێم خەمسارد و بێباک بوە لە گەیاندنى دەستى ئاوەدانى و پڕۆژەى خزمەتگوزارى و ستراتیژى رەخساندنى هەلى کار بۆ گەنجان

24/04/2024

باژێروانى قەزاى پشدەرى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەداخەوە حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق نە داواى لێبوردنیان کردوە لەو کارەساتانەى بەسەر قەڵادێ هاتوە و سنورەکەدا هاتوە نە قەرەبوی زیانلێکەوتانیان کردوە و حکومەتى هەرێمیش خەمسارد و بێباک بوە لە گەیاندنى دەستى ئاوەدانى و ئەنجامدانى پڕۆژەى خزمەتگوزارى و ستراتیژى و رەخساندنى هەلى کار بۆ گەنجان.

عومەر حەمەقادر عەلى، باژێروانى قەزاى پشدەرى بزوتنەوەى گۆڕان لە پەنجاهەمین ساڵیادى بۆردومان و راپەڕینى قەڵادزێ دا ئاماژە بەوە دەکات دواى ئەو هەمو ساڵە هێشتا سیماى قەڵادزێ و دەڤەرى پشدەر گۆڕانکارییەکى ئەوتۆ و پێشکەوتنى بەخۆوە نەبینیوە ئەوەش بەهۆى خەمساردى و بێباکى حکومەتى هەرێم لە گەیاندنى دەستى ئاوەدانى و ئەنجامدانى پڕۆژەى خزمەتگوزارى و ستراتیژى و رەخساندنى هەلى کار بۆ گەنجان کە وایکردوە ژمارەیەکى زۆرى گەنجان لە سنورەکە کۆچ بکەن.

دەشڵێت: پێویست بو لەم 32 ساڵەى رابردودا حکومەتى هەرێم کۆمەڵێک پڕۆژەى گرنگى بۆ بکردایە کە لە ئاست وێرانکردن و قوربانیدانیدا بێت، لەوانە لە دروستکردنى زانکۆ و دروستکردنى سەد کە دەبێتە هۆى بوژاندنەوەى کەرتى گەشتیارى و بەهەمهێنانى کارەبا و کشتوکاڵ لەگەڵ پەرەپێدانى مەرزى کێلێ، و مۆنۆمێنت بۆ قوربانیانى قەڵادێ، حکومەتى هەرێم دەیتوانى بەدەنگ داخوازى خەڵکەوە بێن.

پەیوەست بە حکومەتى ئیتیحادیش، ئەندامەکەى جڤاتى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت: بەداخەوە حکومەتە یەکلەدواى یەکەکانى عێراق نە داواى لێبوردنیان کردوە لەو کارەساتانەى بەسەر قەڵادێ هێنراوە لەسەر دەستى رژێمى پێشو نە قەرەبویان کردونەتەوە، پێویستە حکومەتى ئیتیحادى داواى لێبوردن بکات و قەرەبوى خەڵکەکەى بکاتەوە، پێویستبو نوێنەران و کارەبەدەستانى کورد لە کاربکەن و فشار بکەن بۆئەوەى حکومەتى ئیتیادى قەرەبوى خەڵکى قەڵادزێ بکاتەوە و بودجەیەک دابین بکات بۆ ئاوەدانکردنەوە و نەهێشتنى شوێنەوارى کاولکارییەکانى دەڤەرى پشدەر، ئێستاش ئەرکى سەرشانیانە ئەو کارە بکەن.

لەبارەى رۆڵى بزوتنەوەى گۆڕان کە ئیدارەى شارەکەى لە ئەستۆیە، باژێروانى پشدەر دەڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان و نوێنەرەکانى لە حکومەتى خۆجێیی ئەرکى سەرشانیان جێبەجێ کردوە لە پێدانى پڕۆژە و داواکارى بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و تەنانەت هەندێک لەو گۆڕانکاریانەى کراون لە پڕۆژە و کردنەوەى مەرزی کێلێ بە هەوڵى ئەوان بوە، تەنها لە رێگەى وەزارەتەکانى گۆڕانیشەوەیە کە ئەگەر هەلى دامەزراندن هەبوبێ بەبێ جیاوازى و رەچاوکردنى ئینتیماى حیزبى هەل بۆ هەمو خەڵکێکى شایستە رەخسێندراوە و پشت بە سیڤى بەستراوە، ئەگەرنا لایەنەکانى دیکە پشتیان بە تەزکیەى حیزبى بەستوە.


هەواڵی زیاتر