بزوتنەوەی گۆڕان بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات

03/11/2025

ڕاگەیەندراوی فەرمی

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێت و ئەنجام و ئاکامەکانی بخرێتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، وەک بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، هانی دەنگدەرانی دەدات بەشداریی هەڵبژاردن بکەن.

ئەمڕۆ لە مەكۆی سەرەكی لە سلێمانی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، تێیدا دانا ئەحمەد مەجید تیشكی خستە سەر دواین پەرەسەندنەكان و دۆخی ناوخۆیی و ئەنجامی ئەو ڕاپرسیەی لەناو هەڵسوڕاوان و كەسایەتیەكان و وەرگرتنی رای رۆشنبیران و دڵسۆزانی كراوە و دواتر لەلایەن ژوری توێژینەوەكانەوە ئەنجامی راپرسیەكان خرایەڕو، هاوكات پشت بەستن بە ئەنجامی ڕاپرسی ناو گۆڕانخوازان و وەرگرتنی بۆچونی ژمارەیەک کەسایەتی دیار و ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بڕیاری بایكۆت دراوە و لە چوار خاڵدا هۆكاری بڕیارەكەی روونكردوەتەوە و بانگەواز لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەبژێری سیاسیی و ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانیش دەکات: پێکەوە بەرەی بایکۆت پێکبهێنین، لەو ڕێگەیەوە نوێنەرایەتی «بەرەی بایکۆت» بکەین.

دەقی راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

هاوڵاتیانی بەڕێز..
هاونیشتمانیانی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان..
هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی گۆڕان..
رۆژی دووشەممە (٣ی ١١ی ٢٠٢٥)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و بڕیاردان لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە.

بە پشت بەستن بە ئەنجامی ڕاپرسی ناو گۆڕانخوازان و وەرگرتنی بۆچونی ژمارەیەک کەسایەتی دیار، هاوکات ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی جڤاتی گشتی، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێت و ئەنجام و ئاکامەکانی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەبارەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش، وەک بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، هانی دەنگدەرانمان دەدەین بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن.

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای نەگۆڕمان بە ھەڵبژاردنە دیموکراتییەکان هەیە، چونکە ھەڵبژاردن بنەمای دامەزراندنی دامەزراوەکان و سیستەمی دیموکراتییە لە هەر وڵاتێک، بەڵام بەهۆی چەند هۆکار و دۆخێکی سیاسی و یاسایی و واقعى، زەمینە و ژینگەیەکی لەبار نەڕەخساوە، کە ھەڵبژاردنێکی ڕوون و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئیرادەی دەنگدەران بپارێزێت، لەبەر ئەم واقعە و بە ڕەچاوکردنی ئەم هۆکارانە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەین:
یەکەم:
هەڵبژاردنەکە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاستەقینەی دەنگدەران نییە، بەتایبەت، کە پارە و چەک و پەیوەندییە ئیقلیمییەکان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕەنگڕێژکردنی ئەنجامەکان دەبینن، ئەمەش بەردەوام ئاڵوگۆڕی ڕووکەشانەی دەسەڵاتی سیاسیی لێکەوتووەتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبەردەم شکست و بێ متمانەیی دەنگدەرە.
دووەم:
لە ئەزمونی (٢٢) ساڵەی حوکمڕانی عێراقدا، بەردەوام مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مافی خاک و ناوچە دابڕاوەکان، نەوت و گاز، بودجە و شایستە داراییەکان زیاتر پێشێل کراون و خەڵکی کوردستان بوونە قوربانی بێباکی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەرێمی کوردستان، ئەمەش قۆناغ بە قۆناغ بەهێزبونەوەی دەسەڵاتی مەرکەز و پاشەکشێی حوکمە فیدڕاڵیەکانی لێکەوتووەتەوە، کە بێگومان ئەم سیاسەتە دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستانە.
سێیەم:
هەروەکچۆن ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن مانای لەدەستدانی ڕەوایەتی یاسایی و دەستوری دەگەیەنێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پڕ لە ساختەکاری و دیزاینکراویش مانای بەدەستهێنانەوەی ڕەوایەتی سیاسیی ناگەیەنێت، کە بەداخەوە ساختەکاری و گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەردەوام بووەتە مۆتەکەی هەڵبژاردن و یاریکردن بە ئیرادەی هاوڵاتیان.
چوارەم:
لە ڕابردودا، نوێنەرانی کورد لە جومگەکانی حوکمڕانی بەغدا، نوێنەرایەتی خواستی حزبی و کەسیی خۆیان کردوە، ئاواتەکانی خۆیان هێناوەتەدی و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکیان بێ وەڵام هێشتووەتەوە. بەتایبەتیش لە پرسی چاودێریکردنی حکومەتی ئیتحادی و پێشێلکردنی مافە دەستوری و داراییەکانی هەرێم و موچە و قوتی فەرمانبەران.

لەبەر ئەو هۆکارانەی ئاماژەمان پێدا، داوا لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاونیشتمانیان دەکەین، بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ئەم هەڵوێستەش گوزارشتە لە واقعێکی تاڵ لەشکستی پڕۆسەی سیاسی و نەمانی متمانەی گشتی، کە پێویستی بە هێنانەدی شێوازێکی نوێی کاری سیاسی هەیە.

بەدیوێکی دیکەدا، بۆئەوەیە چیتر «هەڵبژاردن» نەبێتە شانۆگەری سەرکەوتنی کاستی دەسەڵاتدار و نائومێدی زیاتر بۆ بەرەی ناڕازی و خەڵک؛ بانگەواز لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەبژێری سیاسیی و ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی دەکەین، پێکەوە بەرەی بایکۆت پێکبهێنین، لەو ڕێگەیەوە نوێنەرایەتی «بەرەی بایکۆت» بکەین.

بزوتنەوەی گۆڕان
٣ی ١١ی ٢٠٢٥


هەواڵی زیاتر