رێكخەری گشتی گۆڕان: پێویستە هەموان یەكەڵویست و یەك بڕیاربین بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و دوورگرتنی لە كێشە و ناكۆكی و شەڕ و ئاڵۆزیەكان

16/03/2026

D هەواڵ و چالاکی

رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت؛ یادی هەڵەبجە ئەم ڕۆژێكی خەماویە و لە ناخ و یادی هەموو كوردێكی دڵسۆزدا دەمینێتەوە، چونكە رۆژێكە جینۆسایدی میلەتێكی تێداكرا، ئێستاش كە شەڕێكی گەورە و جیهانی و ماڵوێرانكەر ناوچەكەمانی گرتووەتەوە، لەسەر كورد پێویستە هەموان یەكەڵویست و یەك بڕیاربین بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و دوورگرتنی لە كێشە و ناكۆكی و شەڕ و ئاڵۆزیەكان.

ئەمڕۆ دوشەممە (١٦ی٣ی٢٠٢٦)، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەی بە یاوەری وەفدێکی هاوڕێی لە جڤاتی نیشتمانی و مەكۆی هەڵەبجە و هەڵسوڕاوان، لە ڕێوڕەسمی (٣٨)ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفای لەسەر مەزاری شەهیدانی کیمیاباران دانا، لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ئاماژەی بەوەكرد؛ ئەم ڕۆژە خەماویە لە ناخ و یادی هەموو كوردێكی دڵسۆز دەمینێتەوە، چونكە رۆژێكە جینۆسایدی میللەتێكی تێداكرا، بەڵام بەداخەوە زۆربەی زۆری دنیا لەسەر ئەم جینۆسایدە گەورەیە نەهاتنە دەنگ.

ئاماژەی بەوەشكرد كە گەلی كورد قوربانی گەورەی داوە لە شەڕ و ململانێ هەرێمی و جیهانیەكاندا و وتی: ئێستا شەڕێكی گەورە و جیهانی و ماڵوێرانكەر لە ناوچەكەمان ڕودەدات كە خەڵكی سفیلی تێدا دەبنە قوربانی و ئەو شارستانیەتانەی ساڵانێكە بنیاتنراون زیانی گەورەیان بەردەكەوێت، ئەمە كۆسپ و گرفتێكی گەورەشە لەبەردەم هەموو جیهان، چونكە شەڕەكە تەنها لە سەر ئاڕاستەكردنی موشەك نەوەستاوە و كێشەی ئابوری دروستكردوە، ئەم مەترسی و كێشەیەش تەنها بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیە و لێكەوتە و كاریگەریەكەی جیهانیە.

پەیوەست بە هەڵوێستی گۆڕان، دانا ئەحمەد مەجید دەڵێت: ئێمە خوازیاری ئەوەین لایەنەكانی شەڕ بگەڕێنەوە بۆ دانوستان و مێزی گفتوگۆ و سەقامگیری بۆ دۆخ و ژیانی خەڵكی ناوچەكە بگەڕێتەوە، هیوادارم پەرلەمان كارا بكرێتەوە و حكومەتی نوێ پێكبێت و ئەم دامەزراوانە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بە پشتیوانی رێكخراوەكان و تەواوی خەڵكی كوردستان یەكەڵویست و یەك بڕیاربین بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندیە باڵاكانمان و دوورگرتنی لە كێشە و ناكۆكییە هەرێمی و جیهانیەكان.


هەواڵی زیاتر