دەستەبژێرێك كەسایەتی، بۆ كاری پێكەوەیی و خزمەتی خەڵك سەردانی گۆڕان دەكەن

05/08/2026

D هەواڵ و چالاکی

گروپێك لە دەستەبژێری كەسایەتی بۆ كاری پێكەیی و پێكهێنانی بەرەیەكی كاریگەر بۆ نوێنەرایەتی داخوازیەكانی خەڵك، سەردانی مەكۆی سەرەكی دەكەن و بزوتنەوەی گۆڕانیش ئامادەیی دەردەبڕێت بۆ پشتیوانی هەر هەنگاو و هەوڵێك كە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و كەمكردنەوەی بارگرانیەكانی سەر ژیان و گوزەرانی خەڵك بكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە (٥ی٨ی٢٠٢٦)، گروپێك لە دەستەبژێری كەسایەتی كە پێكهاتبوون لە (پەیمان عیزەدین، عەبدوڵا مەلانوری، د. شێركۆ حەمەئەمین، ئارام جەمال و مامۆستا شنە) سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانیان كرد لە شاری سلێمانی و لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی و جڤتی نیشتمانیەوە پێشوازیان لێكرا.

لە دیدارێكدا ئامانجی دەستەبەژێرەكە روونكرایەوە كە بڕیارە سەردانی لایەنە سیاسیەكانی دیكەش بكەن بۆئەوەی میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ كاری پێكەوەیی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەكان و بەشێك لەو كەسایەتی و دەستەبژێرانەی لەخەمی كایەی گشتین بەتایبەت لەم دۆخەدا كە ئاڵنگاریی قورس ڕوبەڕوی خەڵك بووەتەوە لە قەیران و گرفتی مووچە و گرانی و نەبونی بەنزین و پێداویستیەكانی ئاو و كارەبا و كەمی خزمەتگوزاریەكانی سێكتەرەكانی دیكە.

ئامانجی هەوڵەكە بۆ كاری پێكەوەیی و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی كێشە و داخوازیەكانی خەڵكە بۆئەوەی باری قورسی سەر شانی هاوڵاتیان كەمبكرێتەوە و نوێنەرایەتیەكە بە قازانجی وەڵامدانەوەی خواستەكانی خەڵك بێت.

لای خۆیەوە، وێڕای بەخێرهێنان، دانا ئەحمەد مەجید ستایشی هەوڵ و هەنگاوەكەی كرد و بە ئەرێنی وەسفی كرد بۆ خزمەتی خەڵك بەتایبەت پێكهێنانی سەكۆیەكی بەهێز و كاریگەر بۆ بەرگری لە مافی خەڵك و داكۆكی لە داوا ڕەواكانیان، هاوكات ئامادەیی بزوتنەوەی گۆڕانیشی نیشاندا بەوەی چ هەوڵ و هەنگاوێك لە قازانجی بەرژەوەندی گشتی و خەڵك بێت گۆڕان هاوكار دەبێت بۆ سەرخستنی.


هەواڵی زیاتر