گۆڕان پیرۆزبایی لە خوشک و برا ئێزیدییەکان دەکات
15/04/2026
ڕاگەیەندراوی فەرمی
بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدی (چوارشەممەی سوور) بڵاوکردەوە و تیایدا وێڕای پیرۆزباییکردن لە خوشک و برا ئێزیدییەکان، جەخت لەسەر ئیرادە و خۆڕاگریی ئەو پێکهاتەیە دەکاتەوە لە بەرامبەر ئەو ئازار و کارەساتانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە.
لە پەیامەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا هاتووە: "بە ڕوونی درک بەو برینە سەختانە دەکەین، کە بەهۆی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشەوە بەر هاونیشتمانیانی ئێزیدی کەوتووە، دەزانین کە هێشتا هەزاران کەس لە ئۆردوگاکاندا دەژین و ناوچەکانیان وێرانەیە." هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و هەڕەشە بەردەوامەکان، مەترسییان لەسەر ئارامیی جڤاتی ئێزیدی دروستکردووە.
بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەش دەخاتە ڕوو، مێژووی ناوچەکە سەلماندوویەتی کە ئیرادە و خۆڕاگریی ئێزیدییەکان بۆ پاراستنی ئایین و ناسنامەیان، زۆر بەهێزترە لەو ئازارانەی تووشیان بووە. لە کۆتاییشدا هیوای خواستووە کە گوڵە سوورەکانی ئەم نیسانە و جەژنی چوارشەممەی سوور، ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک و ئێزیدییەکان بەتایبەتی.
دەقی ڕاگەیەندراوەكە:
بەبۆنەی هاتنی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدی (چوارشەمەی سور)، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم خوشک و برا ئێزیدییەکانمان لە کوردستان و جیهان دەکەین.
لە کاتێکدا پیرۆزبایی لەم جەژنە و داگیرساندنی مۆمەکانی پەرستگای لالش دەکەین، بە ڕوونی درک بەو برینە سەختانە دەکەین، کە بەهۆی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشەوە بەر هاونیشتمانیانی ئێزیدی کەوتوە، دەزانین کە هێشتا هەزاران کەس لە ئۆردوگاکاندا دەژین و ناوچەکانیان وێرانەیە، لەگەڵئەوەشدا ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و هەڕەشە بەردەوامەکان، مەترسییان لەسەر ئارامیی ئەم جڤاتە دروستکردوە.
مێژویی ئەم ناوچەیە سەلماندویەتی، کە ئیرادە و خۆڕاگریی ئێزیدییەکان بۆ پاراستنی ئایین و ناسنامەیان، زۆر بەهێزترە لەو ئازار و کارەساتانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە. لەم ڕاستیەوە، با گوڵە سورەکانی ئەم نیسانە و جەژنی چوارشەمەی سور، کە هێمای بەهار و ئاوەدانی و نوێبوونەوەی گەردونە؛ ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەمو لایەک و خوشک و برا ئێزیدییەکان بەتایبەتی.
دوبارە،جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییەکان پیرۆز بێت..
بزوتنەوەی گۆڕان
١٥ی ٤ی ٢٠٢٦