شاندێکی کۆنسوڵخانەی ئێران سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات
09/09/2026
D هەواڵ و چالاکی
ئەمڕۆ، شاندێکی باڵای کۆنسوڵخانەی گشتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی،
بە سەرپەرشتیی ئاغای ڕەزا ڕستگار، سەردانی مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد.
شاندەکە لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی
سیاسیی و جڤاتی نیشتمانی پێشوازیی کران.
لە دیدارەکەدا، شاندی کۆنسوڵخانەی گشتی ئێران پیرۆزبایی لە بەڕێز دانا ئەحمەد
مەجید کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان، پشتیوانی و هیوای
سەرکەوتنیان بۆ ڕێکخەری گشتی و جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان دەربڕی.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە،
بە تایبەتی لە بوارە سیاسی، کەلتووری و ڕۆشنبیرییەکاندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی
هاوبەش بکات.