بزوتنەوەی گۆڕان: یار و نەیار گەیشتون بەو باوەڕەی کە بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا چارەسەرێکى بنەڕەتى بون بۆ کێشەکان

18/05/2023

ڕاگەیەندراوی فەرمی

بزوتنەوەی گۆڕان لە شەشەم ساڵیادى کۆچى دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا سەرکردەى نیو سەدە لە خەباتى گەلى کورد، رایدەگەیەنێت؛ یار و نەیار گەیشتون بەو باوەڕەی کە بەرنامەکانی نەوشیروان مستەفا چارەسەرێکى بنەڕەتى بون بۆ کێشەکان و لە راگەیەندراوەکەشدا هاتوە: ئەم یادە دەرفەتێکە بۆ ئەوەى هاورێکانى دوێنێ جارێکى دیکە ببنەوە بەهاورێ و هاوسەنگەر بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەکان، ئەمەش باشترین وەفایە بۆ ڕەوانشاد و خەڵکى کوردستان.

 

دەقی راگەیەندراوی شەشەمین ساڵیادی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا
هەینی، ١٩ی ٥ی ٢٠٢٣ شەش ساڵ تێدەپەرێت بەسەر کۆچی دوایی بیرمەند و رۆژنامەنووس، شۆڕشگێڕ و ئەندازیاری راپەڕین و چاکسازی و گۆڕانکاری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەمین. ئەو رۆژە بۆ هاونیشتمانیان و ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەران برینێکی ساڕێژنەکراوە.
لە شۆڕشی نوێدا، پایەیەکی سەرەکی تێکۆشان و ئیرادە بوو. لە ڕاپەرینى ئازارى ١٩٩١ ئەندازیار و فەرماندەى مەیدانى بوو، لە دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ١٩٩٢، بەرگریکاری دەوڵەتی قانون و سوپای نیشتیمانی و ئابوری بەهێز و مافی هاوڵاتیان و پەرلەمانێکی بەهێز بوو. لە دوای روخاندنی رژێمی بەعس لەگەڵ سەرکردە دیارەکانی دیکە سەلمێنەری مافەکانی کورد بوو لە دەستوری عێراقدا، کە تاکو ئەم ساتەش قەڵغانی کوردە لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا. ڕچە شکێن و دروستکەرى یەکەمین هێزى ئۆپۆزسیۆنى مەدەنى و پەرلەمانى بوو کە بزوتنەوەى گۆڕانە.
قۆناغەکانی ژیانی سیاسی رەوانشاد پڕبوون لە ئاڵنگاری و هەورازی سەخت، ئیرادەی بەهێز و پابەندن بوون بیروباوەڕی رەوا و رۆشن بۆ زاڵ بوون بەسەر تەواوی ئەو ئاڵنگارییانەدا.
رەوانشاد تاکو دوا ساتەکانی ژیانی رۆحی روبەڕوبونەوەی لە دەست نەدا، بۆ خەڵک ژیا و گریانی قوڵی سەدان هەزار هاونیشتمانی سەلمێنەری ئەو راستیە بوون، کە سەرکردەی نیشتمانى و ڕاستگۆو ڕیفۆرمخواز میللەتی لەگەڵدایە. هۆکاری ئەمەش رون بوو، چونکە لای ئەو هێزی وڵات و حکومەت و سەرکردەکان لە زامنکردنی مافی خەڵکدایە و هێزی خەڵک و شەرعیەتی دیموکراتی سەرچاوەی فەرمانڕەواییە.
لە ئامادەیی رەوانشاددا ئازادی و کەرامەتی هاوڵاتی کورد تا رادەیەکی زۆر پارێزراو بوو، رەوانشاد کاری بۆ دەوڵەتی قانون، دادپەروری کۆمەڵایەتی، یەکسانی لە ماف و ئەرک، شەفافیەت، سوپایەکی نیشتیمانی، دادگا و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و بەهێز، پەرلەمانی بەهێز و نوێنەری خەڵک کرد. هەموو ئەم ئامانجانە بۆ چاکەى گشتى و قازانجی خەڵک بوو. هەر ئەوەش بوو وایکردبوو خەڵک متمانەى بە ڕەوانشاد و پڕۆژە سیاسی و ڕیفۆرم خوازیەکانى ببێت و لە ئامادەی رەوانشاددا ٧٥% هاونیشتیمانیان متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن هەبوو، بەڵام ئەو متمانەیە تادێت لاوازتر دەبێ، ئەم راستیە بەڵگەنەویستە نیشاندەری سەنگی ئەو سەرکردە دەگمەنەیە.
پاش شەش ساڵ یار و نەریار گەیشتوون بەو باوەڕەی کە بەرنامە و پاکێجانەى ئەو چارەسەرێکى بنەڕەتى بون بۆ کێشەکان . رێگەی رزگار بوون لە بازنەی قەیران و ناکۆکی و گەندەڵی و نادیموکراتی سیستەمی سیاسی هەر ئەو بەرنامەیە. ئەمڕۆ خواستی گۆڕانکاری سیاسی و سەربازی و ئابوری و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی بووە بە خواستی دەوڵەتە دیموکراتییە دۆستەکانی هەرێمی کوردستان، لە ناویاندا ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا و زۆر دەوڵەتی دیکە.
یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانى ڕەوانشاد دەرفەتدان بو بە گەنجان و ژنان و هێنانە پێشەوەیان وەک سەرکردەى نوێ.
ئەم یادە دەرفەتێکە بۆ ئەوەى هاورێکانى دوێنێ جارێکى دیکە ببنەوە بەهاورێ و هاوسەنگەر بۆ جێبەجێکردنى بەرنامەکانى، ئەمەش باشترین وەفایە بۆ ڕەوانشاد و خەڵکى کوردستان.
ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دونیابینیەکى فراوانى هەبوو بۆ خەباتى گەلى کورد لە هەر چوار پارچەکەى کوردستان. هەرئەوەش بوو وایکردبو سەرکردەکانی پارچەکانى تر لە کاتی سەخت و ئاڵنگاریدا پشتیان بە نەخشەڕێگا و پشتیوانیی ڕەوانشاد قایم بو. لێرەوەیە ڕۆڵ و پێگەی مێژویی ڕەوانشاد تەنها لە حیزب و بزوتنەوەیەکی سیاسیی و یەک پارچەی کوردستان سنوردار ناکرێ، بەڵکو وەک موڵکی خەڵک ‌و خاکی کوردستان دەمێنێتەوە.
لە کاتێکدا یادی شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەکەینەوە دەستێوەرانی حیزبی لەدامەزراوە نیشتمانیەکان زیاتر دەبێت، گەندەڵی و نادادی زیاتر بوون، متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی سیاسی لاوازتر بووە. هەموو ئەمانەش هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئایندەی هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر بیری سیاسی و روئیا و بەرنامەی نەوشیروان مستەفا زەرورە. پرۆژە و نەخشەڕێگای هەمەلایەنەکانی چارەسەری واقعی و رونن بۆ هەرێمی کوردستان و سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییەکان و سود وەرگرتن لە دەرفەتەکان. ئەمەش ئەو ئیرادەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفای ئەوێت. لەگەڵ ئەمانەشدا گرنگە ئەوەمان بیر بێت کە رەوانشاد دەیوت" لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت خەڵک بێ ئومێد بێ. هەمیشە ئەبێ خەڵک چاوی لە ئاسۆبێ"
رەوانشاد لە رۆژی هەینی، ٢٢ی ١٢ی ١٩٤٤ لە دایک بوو. رۆژی هەینی ١٩ ی ٥ی ٢٠١٧ کۆچی دوای کرد. رۆژی هەینی ١٩ی ٥ی ٢٠٢٣ کە یادی شەش ساڵەی گیان شادبوونی دەکەینەوە، دەکەین بە هەینی ئومێد و وەفا بۆ ئەو سەرکردە دەگمەنەی وەک خوێنبەری مێژو و ئێستا و داهاتووی گەلی کورد و ئازادیخوازان دەمێنێتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
١٨/٥/٢٠٢٣


هەواڵی زیاتر